ژنێکی گەنج لە ڕانیە خۆی خنکاند

نیوەڕۆی دوێنێ ژنێک لە ڕانیە لە ڕێی پەتەوە خۆی خنکاند و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ لە شارۆچکەی ڕانیە، ژنێک خۆی خنکاند و تەرمەکەی گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە، بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند "کاتژمێر ٣:٢٠ خولەکی پاش نیوەڕۆ، تەرمی ژنێکی تەمەن ٢٣ ساڵ بە ناوی س.خ.ر، گەیاندراوەتە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە". ئاماژەی بەوەش کرد ژنەکە دانیشتووی گەڕەکی نەورۆزە و خوێندکارە.

 

پۆلیسی ڕانیە باسی لەوەشکرد، شوێنی برینی پەت بە ملیەوە هەبووە، لەدوای لێکۆڵێنەوە لە هۆکاری مردنەکەی لەلایەن پزیشکی دادوەری دەرکەوتووە ڕووداوەکە لە خۆهەڵواسین دەچێت و لە هەمان کاتدا دەست بەسەر هەموو ئەو کەرەستانەدا گیراوە کە ناوبراو خۆکوژیەکەی پێ ئەنجام داوە.

لە دوای تەواوبوون لە لێکۆڵینەوە لە لایەن پزیشکی دادوەری، تەرمەکەی ڕادەستی کەسوکاری کراوەتەوە.

پۆلیسی ڕاپەڕین ئەوەشی ڕوون کردەوە دۆسیەیان كردووەتەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستی ڕووداوەکە.

 

ت.پ