ژنێکی گەنج خۆی دەخنکێنێت و کامپێکی ئاوارە شەنگالییەکانیش دەسووتێت
ژیانی ئاوارە ئێزدییەکان لەناو کەمپەکاندا لە دۆخێکی خراپدایە، لەگەڵ ڕووبەڕووبونەوەی سەختی ژیانیان توشی ڕووداوی نەخوازراویش دەبنەوە، لە کامپی شاریا ئاگر کەوتەوە و زیانێکی زۆری لێکەوتەوە، هەروەها لە کامپی خانکێ ژنێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە پەت خۆی خنکاند.
ناوەندی هەواڵ
دوانیوەڕۆی دوێنێ ٥ی حوزەیران لە کامپی شاریا لە سنوری پارێزگای دهۆک بە هۆی شۆرتی کارەباوە ئاگر کەوتەوە و زیانێکی زۆر بە چادر و کەلوپەلی ناو کامپەکە گەیاند، کامپی شاریا تایبەتە بە ئاوارەکانی شەنگال.
بە پێی ئەو زانیارییانەی بڵاو کراونەتەوە بە هۆی ئاگرکەوتنەوەکەوە ٣٧٠ چادر سووتان و زیانى ماددى بەر ١٨٤ خێزان کەوتووە، ٢٦ کەس توشی هەناسە تەنگی بوون و ٦ کەسیش بە سوکی بریندار بوون کە دوو لەوان پۆلیسی بەرگریی شارستانى بوون، دواتر ڕەوانەى نەخۆشخانەی سووتاوی دهۆک کران و برینەکانیان چارەسەر کران.
لەسەر داوای دانیشتوانی ناو کامپەکە، سەردار یونس لە پۆستی بەڕێوەبەری کامپەكە، دوورخراوەتەوە و هەکار محەمەد، بەرپرسی پێشووتری کامپی شاریا، لە شوێنی دانرایەوە.

هەر دوێنێ لە کامپی خانکێ ژنێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی فهخریه دهخیل ڕهشۆ، بە پەت کۆتای بە ژیانی خۆی دەهێنێت.
پیر عەلۆ ، سەرپەرشتیاری کامپەکە بە ڕاگەیاندنەکانی ڕاگەیاندووە، فەخریە خۆی کۆتای بە ژیانی خۆی هێناوە، فەخریە، خوێندکاری پۆلی حەوتی بنەڕەتی بووە لەوکاتەی چوەتە ناو چادرەکەوە بە مەبەستی خوێندن، نەگەڕاوەتەوە و دوای چوونە ژوورەوەی خێزانەکەی دەبینن گیانی لەدەست داوە.
ئەو سەرپەرشتیارە باسی لەوەشکردووە لە ئەمساڵدا ئەوە دووەم حاڵەتە بە هەمان شێوە ڕوویان دابێت، لەگەڵ ئەوەی بەردەوام بەم ڕووداوانە دەوترێت خۆکوژی، بەلام تا چەند ڕاستە نازانرێت، چونکە ڕێگە بە هیچ دەزگایەک نادرێت بچێتە ناو کامپەکانەوە و وردەکاری تەواو دەربارەی ڕووداوەکان و ژیانی کامپ نشینەکان ئاشکرا بکەن.
ت.پ