گەنجان: سورین لەسەر هەڵوێستی خۆمان و بە ڕێگەی دیکە دەچینە بادینان

ئاسایشی پەدەکە ڕێگری لە ڕێپێوانی گەنجان کرد گەنجانیش دەڵێن: لە هەڵوێستی خۆمان پاشگەز نابینەوە و بە ڕێگەی دیکە دەچینە بادینان تا پارێزگاری لە خاکەکەمان بکەین.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ بە پێشەنگایەتی ژنانی گەنجی تێکۆشەر و گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و بە بەشداری ژنان، ئازادیخوازان و هاوڵاتیان لە توێژە جیاوازەکان، لە شاری کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێرەوە ڕێپێوانی ماوەدرێژ دەستیپێکرد، بە ئامانجی ئیدانەکردنی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و پشتیوانی لە بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادی بکەن، بڕیاربوو بە شاری هەولێردا بچنە بادینان و قەڵغانی زیندوو دروستبکەن.

پاش بەجێهێشتنی بازگەی باواجی لە شاری کۆیە، بەرەو بازگەی دێگەڵە بەڕێکەوتن، پێش گەشتنیان بە بازگەکە بە پێنج کیلۆمەتر، هێزێکی ئاسایشی پەدەکە جێگیر کرابوو، ڕێگریان لە بەردەوامی ڕێپێوانەکە کرد، پاش گفتوگۆ و گردبوونەوە، هێزەکەی پەدەکە ڕێگەی نەدا بە بازگەکەدا تێبپەڕن.

 

لەدوای ڕێگری کردنی ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان- پەدەکە، بەشداربووانی ڕێپێوانەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان بەست، ئاگر کوردستان ئەندامی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپاریزی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکات و ئێمە بێدەنگ نابین: لە ٢٣ی نیسانەوە دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەر باشوری کوردستان و ئامانجییەتی داگیرکاری لەسەر خاکەکەمان ئەنجام دەدات و هەرێمی کوردستان داگیربکات، بۆ ئەوەش بەهێزترین چەک دژ بە گەریلا و ڕۆڵەی ئەم گەلە بەکار دەهێنیت، ئێمەش وەک گەنجانی باشوری کوردستان لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیمانەوە بەرامبەر خاکەکەمان لە ٢٨ی مانگدا هەڵمەتی "وەرن بۆ جەنگی ئازادی"مان ڕاگەیاند، ئەمڕۆش بە پێشەنگایەتی ژنانی گەنج و گەنجان، لە شاری کۆیەوە بەڕێکەوتین بەرەو شاری هەولێر، بەو ئامانجەی بەوێدا بگەینە بادینان و قەڵغانی زیندوو دروست بکەین.

 

هەر لە بەیاننامەکەدا ئەوەش خرایەڕوو: ئاسایشی پەدەکە بێ هیچ بیانوویەک ڕێگریان لێکردین کە بەردەوامی بە ڕێپێوانەکە بدەین و بچینە بازگەی دێگەڵە، ئەمە دەریدەخات کە دەوڵەتی تورکیا بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ناوخۆییەکان داگیرکاری ئەنجام دەدات، بێدەنگی بەرامبەر داگیرکاری خیانەتە، ئەگەرچی ئەوان لە ئێستادا ڕێگریمان لێبکەن کە بچینە ناو شاری هەولێرەوە، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین، بەم چالاکیەش نەبێت، چەندین چالاکی دیکە ڕێکدەخەین تا دەگەینە بادینان و پارێزگاری لە خاک و نیشتمانی خۆمان دەکەین.

 

ت.پ