ژنان: نا بۆ داگیرکاری، بژی یەکڕیزی کورد
ژنان و دایکانی شەهیدان، ڕایانگەیاند، ئەوان دژی داگیرکارییەکانن کە بۆ سەر خاکی کوردستان ئەنجام دەدرێت، پشتگیری خۆیان بۆ شەڕڤان و گەریلاکان دووپات کردەوە.
ناوەندی هەواڵەکان
لە کۆبوونەوەیەکیاندا ئەندامانی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، دایکانی شەهید و دایکانی لەچک سپی لەگەڵ ژناندا، دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی خۆیان نیشاندا و ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان کرد.
لێدوانەکە لەلایەن ویژدان نورەدین، مامۆستای زانکۆوە درا، تێکڕا و بە یەک دەنگ ڕایانگەیاند، "لێرەدا کۆبووینەوەتەوە دژی ئەو داگیرکارییانەی کە سوپای فاشیزمی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان وعێراقدا ئەنجامی دەدات، هەر بۆیە سەری ڕێز و نەوازش بەرامبەر ئەو شەهیدانە دادەنەوێنین کە گیانی خۆیان لەپێناو ئەم خاکەدا بەختکردووە".
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیاندا وێڕای ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، پەیامێکیان ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، وتیان "ئێمەی دایکان لەگەڵ داگیرکردنی خاک و نیشتیمانەکەماندا نین، هەروەها لەگەڵ شەهیدبوونی ڕۆڵەکانیشماندا نین، ئەمڕۆ کە ئێمە ئامادەیین ڕۆڵەکانمان بەخت بکەین بۆ نیشتیمان، واتە نیشتیمان لە پێش ڕۆڵەکانمانەوەیە، بۆیە ئەمڕۆ پشتگیری خۆمان بۆ تەواوی شەڕڤان و گەریلاکان نیشان دەدەین".
ئاماژەییان بەوەش کرد، کە شەهیدان نامرن و بۆ هەمیشە زیندوو دەمێننەوە، بە دایکانی شەهیدیش دەڵێن، "ئێمە خاوەندارییەتی لە ڕۆڵەکانی ئێوە دەکەین، ئێوە سومبولی ئازادی کوردستانن، ئێوە سومبولی پاراستنی خاک و نیشتیمانن، ئێمە دەتوانین خاک بپارێزین، جارێکی دیکە دەڵێین نا بۆ داگیرکاری، بژی یەکڕیزی کورد، بژی پاراستنی خاکی کوردستان".
دواتر تێکڕا بە یەک دەنگ دروشمی "بمرێ خیانەت، شەهید نامرێ" دەوتەوە.
ت.پ