ژنێكی داعشی له‌ وڵاتی سوید ڕووبه‌ڕووی دادگا ده‌بێته‌وه

ژنێک بە ٥ منداڵەوە ساڵی ٢٠١٣ دەچێتە ناو چەتەکانی داعش و پاشان دەگەڕێتەوە سوید، دادگای ئەو وڵاتەش بە تاوانی شەڕ و پێشێلکردنی مافی منداڵان دادگایی ئەو ژنە دەکەن.

ناوەندی هەواڵ‌

 

به‌ پێی راپۆرتێکی ته‌له‌فزیۆنی سوید‌، دادگای وڵاتی سوید لێكۆڵینەوە له‌ ژنێكی داعشی ده‌كات كه‌ به‌ دوو منداڵه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئەو وڵاتە، ڕاپۆرته‌كه‌ ئاماژەی بەوە داوە که‌ به‌ڵگه‌كانی ئیستخباراتی سویدی - سێپۆ ئەوەیان ئاشکرا کردووە ئه‌م ژنه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٣ به‌ پێنج منداڵه‌وه‌ چووەته‌ سوریا و خۆی گه‌یاندووه‌ به‌ چه‌ته‌كانی داعش.

منداڵەکان لەو کاتەدا گه‌ورەترینیان‌ ته‌مه‌نی ١٥ ساڵ بووه‌ و بچووكترینیان ته‌مه‌ن پێنج ساڵ بووه‌، دادگای سوید‌ به‌ تاوانی شه‌ڕ و پێشێلكردنی مافی منداڵان ژنەکە دادگایی دەکات.

 

بە پێی ئەو وێنانەی دەست ته‌له‌فزیۆنی سویدی كه‌وتوون ئه‌وه‌ پیشان ده‌ده‌ن یه‌كێک له‌ منداڵه‌كان چەکی بە‌ ده‌سته‌ و یەکێکی دیکەیان لەسه‌ر پاكکردنەوە و چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی چه‌ك په‌روه‌رده‌ دەبینێت، یەکێکی دیکەشیان لەگەڵ کەلـلە سەرێکی بڕدراوی داعشدا کە لەسەر دیوارێکی شاری ڕەقا هەڵواسراوە وێنە دەگرێت، هەر لەوێنه‌كاندا ئەوە دەرکەوتووە کە‌ ئه‌م ژنه‌ كچێکی خۆی له‌ ته‌مه‌نی ١٢ ساڵیه‌وه‌ به‌ زۆری به‌ شووداوه‌.

 

بە پێی بەڵگەکان ژنەکە‌ دوای گه‌شتنی به‌ وڵاتی سوریا هاوژینەکەی ده‌كوژرێت و دواتر شوو به‌ داعشییه‌كی دیكه‌ ده‌كای و منداڵی تری ده‌بێت، دواتر لە شەڕدا ئه‌و هاوژینەشی ده‌كوژرێت.

 

له‌ دوای كۆتاییهێنان به گروپی چەکداری‌ داعش له‌ سوریا، ژمارەیه‌ک له‌ ژنان و منداڵه‌كانیان‌ له‌ سوریا هه‌ڵاتن و ڕوویان له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا كرد، ئه‌م ژنه‌ش یه‌كێكە له‌و هەڵهاتووانە و له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ وڵاتی سوید ته‌نها دوو منداڵی له‌گه‌ڵیدا بووه‌، له‌ دوای ئاشكرا بوونی ژنەکە منداڵەکانی لە لایەن دەزگا حکومییەکانی سویدەوە لێسەندراوە و گواستراونەتەوە بۆ شوێنی پارێزراو.

ڕاپۆرته‌كان ده‌ستنیشانی ئەوە دەکەن كه‌ ٢٥ ژنی سویدی له‌گه‌ڵ ٦٠ منداڵ له‌ كه‌مپه‌كانی خۆسه‌ری دیموكراتی باكور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریادا هه‌ن، هەروەها به‌ پێی زانیارییه‌كانی ته‌له‌فزیونی سویدی نزیكەی‌ ١٤ ژنی داعشی به منداڵەکانیانەوە‌ توانیویانه‌ لە کەمپەکاندا ڕابکەن.

 

ت.پ