پڕۆژە یاسای قەرەبووکردنەوەی ژنانی ئێزدی لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا لەسەر پڕۆژە یاسایی قەرەبووکردنەوەی ژنانی ئێزدی گفتوگۆ دەکات، کە لە شەڕی داعشدا دەستدرێژی کراوەتە سەریان.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر شەنگال لە ساڵی ٢٠١٤، ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئێزدیان دەستبەسەرکرد و دەستدرێژی زۆریان کردنە سەر، بەم هۆیەشەوە ژنان ڕووبەڕووی چەندین هێرش و دەستدرێژی بوونەتەوە و دواتر لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگارکران.

پرۆژە یاسای قەرەبووکردنەوەی ژنانی ئێزیدی بۆ قەرەبووکردنەوەی ژنانی ڕزگاربووی دەستی داعش ئامادە کراوە لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ وە کاری لەسەر دەکرێت لە لایەن لیژنەکانی مافی مرۆڤ، یاسایی، ژنان و شەهیدانی زیندانیانی سیاسییەوە، لە مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٢٠ پێشکەشی پەرلەمان کراوە، لە ١٣ ماددە پێکهاتووە.

 

لە پڕۆژەیاساکەدا داوا دەکرێت، ئەو تاوانەی بەرامبەر بە ژنانی ئێزدی کراوە بە جینۆساید بناسێندرێت، هەروەها لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە قەرەبوو بکرێنەوە.

قەرەبووی ماددی لە ڕێی پێدانی مانگانەی بڕێک پارە کە لە ملیۆنێک دینار کەمتر نەبێت بە ژنانی ئێزدی بدرێتەوە، قەرەبوونی مەعنەویش لە ڕێی دروستکردنی دامەزراوەییەک بێت بۆ ئەو ژنانەی دەستدرێژییان کراوەتە سەر و لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگارییان بووە ، تا بتوانن لەو بنکەیەدا چارەسەری دەروونی وەربگرن و بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگاکانیان.

 

بڕیارە ئەمڕۆ لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەراندا گفتوگۆ لەسەر پڕۆژە یاساکە بکرێت، بەهار مەحمود، ئەندامی ئەنجومەی نوێنەرانی عێراق لەفراکسیۆنی گۆڕان، بە ئاژانسی ژنهای ڕاگەیاند، کە خۆی بەشداری ئامادەکردنی پڕۆژە یاساکە بووە، لەپێناوی قەرەبووکردنەوەی ئەو ژنانەیە کە بە هۆی هێرشی داعشەوە ڕووبەڕووی کێشە و دەستدرێژی بوونەتەوە.

 

ت.پ