ژنانی ڕۆژنامەنووس: دەبێت پێنووسەکانمان چەکێک بن بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش

هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی سەرەکی بینیووە لە گەیاندنی دەنگ و ڕاستی شۆڕش بە هەموو جیهان، کاری کردووە بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشتی مەدەنی و برایەتی لە نێوان گەلانی ناوچەکەدا، هەروەها بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە.

شيرين محەمەد 


قامیشلۆـ ڕۆژنامەنوسانی شاری قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جەختیان لەوە کردەوە، کە ڕاگەیاندنی ناوخۆیەکان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە ئاشکراکردنی ڕاستیەکان و گەیاندنی وێنەیەکی ڕاستی، دوور لە زانیاری هەڵە، بە گرنگیدان بە پاراستنی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە نێوان پێکهاتەکانی ناوچەکەدا.

 

لە کاتێکدا هێرشە خێڵی و ڕەگەزپەرستیەکان لە تۆڕی ڕاگەیاندن پەرەدەسێنێت و پەیکەری کۆمەڵایەتی دەکاتە ئامانج، ڕۆژنامەنووسانی نیشتمانی بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڵمەتانە بە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و ئاشکراکردنی ڕاستیەکان سەبارەت بە دەنگۆکان، بەهێزکردنی هاودەنگی لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی سووریادا.

 

"وێنەی ڕاستەقینە دەگەیەنین"
ئیڤا حەسی، ڕۆژنامەنوس و پێشکەشکاری کەناڵی ئاسمانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ئاشکراکردنی ڕاستیەکان، وتی: ڕاگەیاندن لە ناوچەکانماندا لە مەیدانەوە وێنەی ڕاستەقینە دەگەیەنێت، پشت بە شایەتحاڵی و سەرچاوەی باوەڕپێکراو دەبەستێت، هەروەها ئەو هەڵمەتە ناڕاستانەی ئاشکرا دەکات کە ناوچەکە و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەیان دەکاتە ئامانج.

 

ڕونیکردەوە، هەمیشە کاردەکەین بۆ چاودێریکردنی هەواڵ و دەنگۆی ناڕاست و بە بەڵگە وەڵامدانەوەیان، ئێمە پەیامی ئەرێنی پەخش دەکەین کە داوای پێکەوەژیان دەکەن، جگە لە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتی لە چۆنیەتی جیاکردنەوەی زانیاریی ڕاستی و ساختە، حەزدەکەین شوێنی یەکسان بۆ هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە دابین بکەین و بەرنامە بەرهەمبهێنین کە ڕەنگدانەوەی ئەو هەمەجۆریە کەلتوریە بێت کە لە ناوچەکەدا هەیە، جەخت لەسەر پڕۆژەی نەتەوەیەکی دیموکراتی و هەمەجۆریی لە ناوچەکەدا دەکەین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر حیکمەت هیجری، پێشەنگی ڕۆحی کۆمەڵگەی دروزەکان لە سووریا، ڕۆڵی ڕاگەیاندنی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەرز نرخاند و دەنگی ڕاستیان بە جیهان گەیاند و دەنگی ئەو قوربانیانەی بەرزکردەوە کە لەلایەن جیهادییەکانی هەتەشە لە حکومەتی گوزراوەدا توشی قێزەونترین تاوان بوون، گرنگە ڕێچکەی ڕاستی پەیڕەو بکەین و دەنگی پێکهاتەکان بگەیەنین، چونکە ڕاگەیاندن قەڵەم و دەنگی پێکهاتەکانە، پەیامی ئێمە ئەوەیە کە ڕاگەیاندن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بێلایەن دەمێنێتەوە و بەرگری لە بەهاکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان پێکهاتەکاندا بکات.

 

"بەڵگەنامەکردنی شۆڕش گرنگ بوو"

فەریدە عومەر، ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەی ڕۆناهی وتی: ئەگەر بمانەوێت تیشک بخەینە سەر ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە ناوچەکەدا، سەرەتا دەبێت ئاڕاستە شۆڕشی ڕۆژئاوای بکەین کە تا ئێستا چی بەدەست هێناوە، بەو پێیەی هەرێم گۆڕانکاری ڕیشەیی لە هەموو ئاستەکاندا بەدەستهێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەستکەوتەکانی ژنان کە بەدەستیان هێناوە. ئەم دەستکەوتانە، بە تایبەتی ئەو دەستکەوتانەی کە ژنان بەدەستی هێناون، دەبوو لەگەڵ بەرخۆدانی گەورەی کۆمەڵایەتی ناوچەکەدا بە جیهان بناسێنرێن، لێرەدا ئەوە لە ئەستۆی هەموو ئەو کەسانە بوو کە لە بواری ڕاگەیاندندا کاردەکەن، سات بە سات هەنگاوەکان و شۆڕشەکە بەڵگەدار بکەن، بۆ ئەوەی ئەو ڕاستیە ئاشکرا بکەین، دەیان هاوکارمان لە کاری ڕۆژنامەوانیدا لەدەستدا، کە پەلەیان دەکرد بۆ بەڵگەنامەکردن و بڵاوکردنەوەی ڕوداوەکان، بۆ ئەوەی دەنگی شۆڕشەکەیان بن.

 

دوپاتیکردەوە، کە شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی چەندین سەختی بووەتەوە، لەوانە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ناوچەکە، کە لە بەرامبەردا ئاڵەنگاریەکی بوو لە بەردەم پێشکەوتنی ناوچەکە و گەیشتن بە ئازادی، هەرێم لە سەرەتاوە تا ئەم ساتە بە شەڕێکی تایبەت لەسەر هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کرایە ئامانج، تا ئێستاش بەر شەڕێکی تایبەت و ڕاگەیاندن و هێرشی ئەلیکترۆنی دەکەوین، کە ئامرازێکی ڕژێمە ستەمکارەکانن، ژنان یەکێکن لە دیارترین گروپە ئامانجدارەکان، ئامانجیش بەردەوامبوونە لە پەراوێزخستنیان، ڕوبەڕووبونەوەی هەموو ئەمانە یەکێکە لە ئەرکە بنەڕەتییەکانی دامەزراوە ڕاگەیاندنیەکانمان ئەو بەربەستانەی کە لە ڕێگەی گەشەسەندنی کۆمەڵگە و پێشکەوتنی شۆڕش بەرەو سەرکەوتنی تەواو وەستابوون.