دادگای باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی شەریفە موحەمەدی پەسەند کرد

ئەمیر ڕەئیسیان پارێزەری شەریفە موحەمەدی ڕایگەیاند، دادگای باڵای ئێران بڕیاری کۆتایی لە بارەی بریکارەکەی داوە و بەبێ سەرنجدان بە ڕەچاوکردنی کەموکوڕییەکان سزاکەی پەسەند کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

بە گوێرەی کەناڵی ئاریەن تیڤی، کە زانیارییەکانی لەزاری پارێزەری شەریفە موحەمەدی، ئەمیر ڕەئیسیانەوە بڵاوکردووەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی زیندانیی سیاسیی لە زیندانی لاکانی ڕەشت لە لایەن لقی ٣٩ـی دادگای باڵای ئێران بە تەواوەتی پەسەند کراوە.

 

ئاماژەش بەوەکراوە، دادگای باڵای ئێران بە بێ سەرنجدان بە ڕەچاونەکردنی کەموکورتییەکان و بەڵگەکانی پێشوو، سزای لە سێدارەدانی شەریفە محەممەدی بە تەواوەتی پەسەند کردووە.

 

شەریفە موحەمەدی تەمەن ٤٥ ساڵ، خەڵکی ورمێ و دانیشتووی شاری ڕەشت لە ٥ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ ، لەلایەن کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی زانیاریی ڕەشت بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت" دەستگیر کرا و لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی رشت سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، دۆسییەکەی بۆ پێداچوونەوەی بۆ لقی ٣٩ـی دادگای باڵای ئێران نێردرا.

 

هەروەها دیوانی باڵا لە پێداچوونەوەی خۆیدا، بە هۆی چەند کەموکورتییەک، وەک نەبوونی پەیوەندی ئەو بە چالاکی چەکدارییەوە و هەروەها نەبوونی بەڵگەی ئەندامێتی لە ڕێکخراوێکی دژبەردا سزا سەرەتاییەکەی هەڵوەشاندەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی رشت دوای پێداچوونەوەی دووبارەی دۆسییەکە جارێکی دیکە سزای سێدارەدانی ئەم چالاکوانەی پشتراست کردەوە.

 

جێگای ئاماژەیە، لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لە ٨ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ و وریشە مورادی  لە ١٠ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤  بە تەواوەتی پەسەند کراوە و ژیانیان لە مەترسیدایە.