ژنانی نورستانی؛ دەنگێک دژی توندڕەوی و پشتیوانییەک بۆ بەرخۆدان
لە دڵی شاخە بەرزەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، کە ڕێگاوبانەکان هێشتا سەرەتایین و دەوڵەت دیار نییە، ژنانی زیندوو کە بە پایەی بێدەنگی کۆمەڵگە دادەنرێن دەژین، نورستان خاکێکی فەرامۆشکراوە، بەڵام دەنگی ژنەکانی لە قوڵایی سەدەکانی بێدەنگی و چەوسانەوە هەڵکشاوە.

بەهاران لەهیب
نورستان-یەکێکە لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان. دانیشتوانەکەی بە زمانی نورستانی قسە دەکەن، لە کاتێکدا پەشتۆ وەک زمانی فەرمی دووەم بەکاردێت و بە شێوەیەکی بەرفراوان لە مامەڵەی ئیداریدا قسەی پێدەکرێت. خەڵکی ئەم پارێزگایە لە نێو شاخە بەرزەکاندا دەژین، بە سامانە سروشتییە دەوڵەمەندەکانیان جیا دەکرێنەوە، بەتایبەت میوە کێوییەکانی وەک گوێز و "سنەوبەری کێوی" کە لە گرانترین و گرنگترین میوەی وشککراوەی ئەفغانستانن و چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە خواستێکی زۆریان لەسەرە.
نورستان لە لایەک هاوسنوورە لەگەڵ پاکستان، پێش فەرمانڕاوای میر عەبدول ڕەحمان خان، دانیشتووانی ئەو پارێزگایە جگە لە ئیسلام ئایینەکانیان پەیڕەو دەکرد، لەگەڵ سەرهەڵدانی عەبدول ڕەحمان بۆ سەر دەسەڵات، هاوکات لەگەڵ کوشتنی سیستماتیکی هەزاران و سەرکوتی ڕۆشنبیران، نورستان کەوتە بەر هێرشێکی سەربازی و دانیشتوانەکەی ناچار کرد موسڵمان ببن، پێش ئەم گۆڕانکارییە زۆرەملێیە، ناوچەکە بە "کفریستان" ناسرابوو.
بەشێک لە دانیشتووانی ئەو شارە بۆ ڕزگارکردنی گیانی خۆیان بەرەو پارێزگاکانی دیکە هەڵاتوون و بەشێکی دیکەشیان لە نورستان ماونەتەوە، لە ئێستادا بیروباوەڕی وەهابی لەنێو دانیشتواندا تەشەنەی کردووە، بەتایبەت لەنێو گەنجاندا، کە مەیلەکان بەرەو توندڕەوی فیکری و کاریگەریی ڕوونی ئایدۆلۆژیای داعش سەریان هەڵداوە.
نورستان وەک زۆرێک لە پارێزگا دوورەدەستەکانی ئەفغانستان بەدەست کەمی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە دەناڵێنێت،سەرەڕای دیمەنە وێنەکێشەکانی، دانیشتووان ناچارن چەندین کاتژمێر بە پێ بڕۆن بۆ ئەوەی بگەنە نزیکترین بنکەی تەندروستی کە زۆرجار ئامێری کەمی تێدایە، ئەگەر یەکێکیان لەبەردەستدا نەبوو، دەبێت گەشت بکەن بۆ پارێزگاکانی دراوسێ، ئەمەش کارێکی قورسە بەهۆی نەبوونی گواستنەوە و خراپی ڕێگاوبانەکان.
ئەم پارێزگایە بە درێژایی مێژووی خۆی شاهیدی هیچ پرۆژەیەکی ڕاستەقینەی گەشەپێدان نەبووە لەلایەن حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانەوە، دوای هەوڵی دووبارەی دانیشتوانی ناوچەکە، دواجار لە دوو دەیەی ڕابردوودا ڕێگایەکی سەرەتایی بەناو شاخەکانی نورستاندا دروستکرا، بەڵام جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بەهۆی گەندەڵی بەربڵاو لە ئاستە بەرزەکانی حکومەتدا تێکچووە و سەرەڕای تێچووی زۆری، ڕێگاکە تا ئێستا ناتەواو و مەترسیدارە.
هاوڵاتیانی نورستان هێشتا شێوازی ژیانی خێڵەکی دەژین، بڕیارەکان بە پلەی یەکەم لەلایەن پێشەنگەکانی هۆزەکانەوە دەدرێن، هەرچەندە کۆمەڵگە لە سروشتدا زۆر نەریتی و پیاوسالارییە، بەڵام ژنان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە ئابووری ناوخۆییدا، وەک زۆربەی ناوچەکانی ئەفغانستان، ئابووری نورستان لەسەر بنەمای کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییە، ئەو ئەرکانەی کە زۆرتر دەکەوێتە سەر ژنان، پێگە و کاریگەرییەکی بەرچاویان پێدەبەخشێت لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا.
لەگەڵ کودەتاکەی ٢٧ی نیسانی ١٩٧٨، وەک لە ڕاپۆرتەکانی دیکەدا ئاماژەی پێکراوە، قۆناغێکی تاریک و پڕ لە گێژاو بۆ هاوڵاتیانی ئەفغانستان و بەتایبەت ژنان دەستیپێکرد، جگە لەوەی ڕووبەڕووی باڵادەستی نەریتی پیاوان بوونەتەوە، ناچار بوون قورسایی توندڕەوی ئایینی و بۆچوونە ژنکوژییەکانیش هەڵبگرن، ژنانی نورستانیش لەوە بێبەری نەبوون، ئەو ئازادییە ڕێژەییانەی پێشتر بەدەستیان هێنابوو، لەدەستدا.
سەرەڕای زەوییە شاخاوییەکەی نورستان و گۆشەگیریی ڕێژەیی، ژنانی ئەوێ لە کاتی بەرخۆدانی داگیرکاری ڕووسیادا بە شێوەیەکی بێ وێنە لە بەرەی دیموکراتیدا بەشدارییان کرد، ئەوان لەگەڵ پیاوان بەشدارییان لە گواستنەوەی چەک و دابینکردنی خۆراک و پشتیوانیکردنی بەرەکانی بەرخۆدان کردووە، کە ڕۆڵێکی دەگمەن و شانازییە.
دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٢١، بەشێک لە پیاوانی ئایینی لە نورستان هەوڵیاندا کارەکانی ژنان لە دەرەوەی ماڵ قەدەغە بکەن، هەرچەندە بەشێکی زۆری بارگرانی ئابووری خێزانەکەیان لە ئەستۆ گرت، ئەم هەوڵانە لەگەڵ دژایەتییەکی توندی ژنان بەرەوڕوو بووەوە، کە جەختیان لەوە کردەوە کە ئەوان نایانەوێت ڕۆڵیان تەنها لە چاودێریکردنی منداڵ و کاری ماڵەوەدا سنووردار بێت، بەڵکو دەیانەوێت بەشداری چالاکانە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بکەن.
تەنانەت پێش فەرمانڕەوایی تاڵیبان، هەندێک فەتوا دەردەکران کە ژنان لە دەرەوەی ماڵ کار ناکەن، بەڵام ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوەیەکی بەرفراوان و بوێرانە بوونەتەوە لەلایەن ژنانی نورستانەوە.
لە کولتوری نورستانیدا بە شەرمەزاری دادەنرێت بۆ پیاوان کاری ژنان بکەن، ژنان خۆیان بە بەهێزتر و بە خواستتر و سەربەخۆتر لە پیاو دەزانن و هەرگیز قبوڵ ناکەن گۆڕانی پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان بکەن، بەڕاستی هێمای هێز و خۆڕاگری و سەربەخۆیی لە کۆمەڵگەیەکدا کە نوقم بووە لە مێژووی جیاکاری و ستەمکاریدا.