ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان: لە غەززە ٩ هەزار ژن کوژراون

ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاند، نزیکەی ٩ هەزار ژن لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کوژراون و لە هەمان کاتدا ئەو جەنگە دژی ژنان بووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتی خۆی لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بەردەوامە بڵاوکردەوە، ڕاپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، تا ئێستا نزیکەی ٩ هەزار ژن لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کوژراون و ژمارەیەکی زۆر ژنیش لە ژێر دارو پەردوو وێرانەکاندان، بۆیە لەوانەیە ئەو ژمارەیە لەوە زیاتر بێت.

 

"ئەگەر بەو شێوەیە بڕوات، ڕۆژانە ٦٣ ژن دەکوژرێن"

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر شەڕی غەززە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا ڕۆژانە ٦٣ ژن دەکوژرێن و شەڕی غەززەش شەڕی دژی ژنانە، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی کۆمەڵکوژی و برینداربوونی ژنان کە تا ئێستا بەم شێوەیە نەبیندراوە، تا ئەو کاتەی دەستبەجێ ئاگربەستی مرۆیی نەگات، چەندین کەسی دیکە لە ڕۆژان و هەفتەکانی داهاتوودا دەکوژرێن، کۆمەڵکوژی و بۆردومانکردن و وێرانکردنی ژێرخانی بنچینەیی غەززە دەبێت بوەستێت، پێویستە دەستبەجێ هاوکارییە مرۆییەکان بگاتە غەززە.

 

"لە هەر پێنج ژنێک چواریان ناتوانن خواردن وەربگرن"

ڕاپۆرتەکە تیشکی خستە سەر مەترسی برسێتی بەهۆی گەمارۆدانی یارمەتییە مرۆییەکانەوە و ئاماژە بەوەکراوە، لە هەر پێنج ژنێک لە غەززە چواریان خۆراکی پێویست بەدەستناهێنن، هەروەها ڕۆژانە ٣٧ دایک لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا دەکوژرێن و ئەم دۆخە کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵان هەیە.