ژنانی نەتەوە جیاوازەکان بانگەوازی کاری هاوبەش دەکەن
هەریەک لە ژنانی کورد و فارس و ئەفغان بانگەوازی لە ڕێکخستن و ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆری هاوبەش دەکەن بۆ یادکردنەوەی ٨ی مارس.
ناوەندی هەواڵ
ژنانی کورد، فارس و ئەفغان لە ڕؤژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ئەوروپا بە بۆنەی یادکردنەوەی ٨ی مارس و بەرەوپێشبردنی تێکۆشانی ژنان بانگ لە کاری هاوبەش دەکەن و مەترسی سیستەم و کۆمەڵگای پیاوسالاری بۆسەر ڕەنج وتێکۆشانی ژنان دەخەنە بەرچاو.
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ژنانی شۆڕشگێر، ئازادیخواز و چالاکوانان ئاماژە بەوە دەکەن: " وەکوو ژنانی ئازادیخواز بە هەست کردن بەم دۆخە هەستیارەی کۆمەڵگای ئێران، ژنان و گەنجان و هەروەها بۆ وڵامدانەوە بە پێویستییەکان، بە گرینگی دەزانین کە لە بەرەبەری ٨ی مارس، رۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، دەستی هاوکاری بۆ هەموو هێزە ئازادیخواز و فێمێنیستەکانی دژ بە سیاسەتە داگیرکاری رژیمی ئێران، درێژ دەکەین و بانگەوازی بۆ کاری هاوبەش پشت ئەستوور بە بنەمای هاوبەش، رادەگەیەنین و خوازیاری بەرەوپێشچوونی کرداری لە پیناو ئاواکردنی بەرەیەکی یەکگرتووی ژنانی ئازادیخوازین".
هەر لە بەیاننامەکەدا دۆخی ژنان لە سەردەمی ئێستادا دەخەنە ڕوو و تێیدا هاتووە: "زیندانەکانی ئێران پڕاوپڕە لە ژنان و گەنجانی ئازادیخواز و رۆژبەڕۆژ شەپۆلی گرتن و سێدارە لە رۆژئاواو رۆژئاوای باکوور، باشوورو رۆژهەڵاتی باشوور لە ئێران دژ بە گەلانی کورد، بەلوچ و عەرەب پەرەدەسێنێت. تەنیا لە ماوەی یەک مانگ دا ١١ کەس لە سیستان و بەلوچستان لە سێدارەدران، هاوکات لە رۆژهەڵاتی کوردستان ١٤٠ کەس دەستگیر کران کە زیاتر لە ١٠ ژن لە ناو ئەم گیراوانە بوون. لەسەر هەمان رەوت دەیان چالاکی عەرەب لە سێدارە دران. هەڵبەت توندوتیژی و سیاسەتی سەرکوتکردن هیچکات نەیتوانی شەپۆلی بەرخۆدان و تێکۆشانی گەلان کە ژنان پێشەنگایەتی دەکەن بوەستێنێت".
بۆ ئەم مەبەستە ژنانی ئازادیخواز چەند خاڵێکی گرنگ بە میکانیزمی گەیشتن بە ئازادی و مافەکانیان دەبینن:
١ – بۆ پووچەڵکردنەوەی رەشەکوژی دەوڵەتی و سیاسەتەکانی رژیمی دژە ژن لە ئێران خوازیاری دامەزراندنی ناوەندێک لە پێناو داڕشتنی سیاسەتی دیموکراتیکی هاوبەشین کە بتوانێ لە قەوارەی ناوەند، پلاتفۆرم یان بەرەیەکی هاوبەش و یەکگرتوو ژنانی ئازادیخواز لە دەوری یەک کۆبکاتەوە و دەرفەتی رێکخستنی هەموو ژنان، بە بێ جیاوازییە نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی، ئایینی، زمانی و ... پێک بهێنێت.
٢ – بە پێشخستنی ئاستی زانایی و وشیاری ژنان، بۆ کۆتایی هێنان بە تاوانکاری، رەشەکوژی دەوڵەتی (روپۆشی زۆرەملی، بێکاری، برسیەتی، هەژاری، لەشفرۆشی، زیندان و سێدارە، تیزاب رشتن، هاوسەرگیری منداڵان، کوشتن و خۆکوژی) کە بە ناو و لە ژێر چەتری یاسادا دژ بە ژنان بەڕێوە دەچن، لە ئاستی رێکخراو دامەزراوەکانی نێونەتەوەیی دۆسیەیەکی هاوبەش ئامادە بکەین و بەمشێوە کۆڕو کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان لە دۆخی ژنان و نەتەوە بندەستەکان ئاگادار بکەین.
٣ – میکانیزمێکی هاوبەشی پاراستنی جەوهەری بۆ ژنان و گەنجان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، لە بەرامبەر هەر جۆرە هێرش و تێرۆری جەستەی، کلتووری، سیاسی، ئابووری و .. پێک بهێنن.
٤ – ناوەندێک بە مەبەستی بانگەشەو ئاژیتاسیۆن دژ بە سیاسەتە تاوانکارییەکانی رژیمی داگیرکەری ئێران، وەک وێبسایت و کاناڵ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دابمەزرێنین.
٥ – لە هەر جۆرە هەڵمەتێکی ئینتێرنێتی، بەیاننامە، هەڵوێست و تێکۆشانێک کە لە لایەن هەر رێکخراو، بزوتنەوەو ناوەندێک کە ئەندامی ئەم بەرەو کاری هاوبەشەن، پشتیوانی دەکەین.
ژنانی بەشداربوو: کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان – کژار
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی ژنانی ئەفغانستان – راوا
میترا دەروێشیان / ناوەندی نووسەرانی تاراوگە لە ئاڵمان
زەمان مەسعوودی / چالاکی مافی ژنان لە ئاڵمان
بەسێ شاماری / ئەندامی شۆڕای هاوئاهەنگی پلاتفۆرمی دیموکراتیکی ئێران
سەحەر شەهیار / ئەندامی پلاتفۆرمی دیموکراتیکی ئێران
هەیڤا ئەلئەسەدی / چالاکی مافی ژنان
رێکخراوی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئوروپا / رووناک
مەرسەدە قائیدی / تەلەفیزیۆنی خاوەران، ئەندامی ئێران تریبۆناڵ ئینگلیس
سەحەر سەبا / چالاکی دام و دەزگای پەیوەندیدار لەگەڵ بزوتنەوەی کارکەری لە ئێران
فەتان جۆکار/ ئەندامی دادگەی گەلی ئێران تریبۆناڵ
ماریا رەشیدی / نوێنەری کۆڕی مافی ژنان لە سوید
ت.پ