بەگردبوونەوەیەک یادی ڕۆژی جیهانی ژنان کرایەوە
کەمپەینی "یەکڕیزی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری'' لە ڕۆژی جیهانی ژناندا گردبوونەوەیەکی ئەنجامدا، داوایان لە ژنان کرد، هەموو ڕۆژێکییان بکەنە ٨ی مارس و دژی ئەقڵیەتی پیاوسالاری تێبکۆشن.
کەمپەینی "یەکڕیزی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری'' لە ڕۆژی جیهانی ژناندا گردبوونەوەیەکی ئەنجامدا، داوایان لە ژنان کرد، هەموو ڕۆژێکییان بکەنە ٨ی مارس و دژی ئەقڵیەتی پیاوسالاری تێبکۆشن.
ناوەندی هەواڵ
پاشنیوەڕۆی ئەمرۆ کەمپەینی 'یەکڕیزی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری' گردبوونەوەیەکیان لە شەقامی سەهۆڵەکەی شاری سلێمانی بۆ یادی ڕۆژی جیهانی ژنان ٨ی مارس ئەنجام دا.
ژنان بە ملپێچە مۆرەکەیانیان، کە بە ڕەنگی ژنان لە جیهاندا ناسراوە، تێکڕا هاوارییان دەکرد 'ژن، ژیان، ئازادی'، چەندین دروشمی وەک "پێویستمان بە سەرلەنوێ نیادنانەوە کۆمەڵگایەکی هۆشیار و دوور لە دەستی ئەقڵیەتی پیاوسالاری هەیە"، "ژن کوژان سزا بدەن"، "لە شاری ڕۆشنبیراندا نەنگییە گۆڕستانی بێنازەکان هەبێت" هەڵگرتبوو.
لەلایەن کەژاڵ عەبدولقادر، وتەبێژی کەمپەینی "یەکڕیزی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری" بەیاننامەی کەمپەینەکەی خوێندەووە، وێڕای پیرۆزبایی لە سەرجەم ژنانی جیهان و کورد، ڕایانگەیاند، لەم سەدەیەدا ژنان بەردەوام ویستییان بۆ ئازادی زیاتر دەبێت، ئیتر ژنان بۆ داواکردنی ئازادی و مافەکانیان یەک دەنگ دەبن.
لە بەیاننامەکەشدا هاتبوو، کە دەبێت ژنان بە باوەڕ بەخۆبوونەوە هەنگاو بنێن، نەبنە کاڵای بەردەستی سیستمی سەرمایەداری و دواتر هەر ئەو سیستمەش کۆمەڵکوژییان بکات.
لە کۆتاییشدا داواییان کرد، کە سەرجەم ژنان کورد لەسەر بنەمای یەکڕیزی و بە یەک دەنگی دژی ستەم تێبکۆشن و ئازادییەکانی خۆیان بەدەستبهێنن.
دواتر ئاوارە کەرکوکیی شانۆکار، شانۆییەکی دەربارەی ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر ژنان لە کۆمەڵگای کوردیدا ئەنجام دەدرێت، پێشکەشکرد، شانۆییەکە باسی لە ژیانی ژنێک دەکرد، کە بە زۆر بەشودراوە و دواتر هاوسەرەکەی شەهید بووە، بەڵام بەهۆی دابونەریتەوە ڕێگەی نەدراوە بچێت دابمەزرێت و کاتێکیش کاری فرۆشتنی جلوبەرگی لەسەر شەقامەکان کردووە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەروونی و جەستەیی دەبێتەوە.
لە کۆتایشدا بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ کۆتایی بە گردبوونەوەکە هات.
ت.پ