ژنانى کوردی کاندید دەیانەوێت عێراق ژنان بپارێزێت

بڕیارە لە ١١ی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، ژنانی کاندید بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان داوادەکەن عێراق ژنان بپارێزێت و بە یاسا مافی ژنان دەستەبەربێت.

 

شیا کۆیى

 

کۆیە_ لە عێراقدا کۆمەڵێک یاسا هەیە ژنان ئامانجیان پاراستنیان و دەستەبەرکردنی مافەکانیانە، لێرە پرسیارەکە ئەوەیە ژنانى کاندید بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق گەر بچنە پەرلەمان پلانیان چیە بۆ ژنان بەتایبەت ئەو یاسایانەى پێویستن بۆ پاراستنى مافى ژن، چونکە  هێشتا ژنانی عێراق لە جێبەجێکردنی کاریگەرانەی ئەم یاسایانە ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە. ئەمەش پێویستی بەوەیە کە ژنە کاندیدەکان بۆ پەرلەمان کار لەسەر دەرکردنی یاسای کاریگەرتر بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، پێشخستنی بەشداری ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان، باشترکردنی دەرفەتی خوێندن و دامەزراندن بۆیان، دەستەبەرکردنی مووچەی یەکسان، و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگا بۆ مافەکانی ژنان، هاوکات چاودێری جێبەجێکردنی یاساکانی ئێستا بکەن بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و یەکسانی ڕاستەقینە.

 

" هەوڵدەدەم مافەکانى ژنان دەستەبەر بکەین بە یاسا"

سازگار دڵشاد، ئەندامی پێشووى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر کە ئێستا کاندیدە بۆ ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق سەبارەت بە کارەکانى و پلانى بۆ ژنان گەر بچتە پەرلەمان بۆ ئاژانسەکەمان  وتى : ئامانجمان زۆر گشتگیرو فراوانە، گەر بچمە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق وەک ژنێک بەرگرى لە مافە ڕەواکانى ژن دەکەم بەتایبەت ئەو یاسایەى ڕێگە دەدات منداڵانى ٩ ساڵ هاوسەرگیری بکەن دژى ئەو یاسایەم و بەناڕەواى دەزانم،  هەوڵدەدەم مافەکانى ژنان دەستەبەر بکەین بە یاسا، دەبێت مافى ژنان دەستەبەر بکرێت لەوانە یاساى کار کە ئەوژنانەى لە شوێنە گشتیەکان و دامو دەزگاکان کاردەکەن مافەکانیان پارێزراو بێت, و بەیا بچەسثیت و لە دەستور دیارى بکرێت, و گە رئێمە متامنەى خەڵکى خۆمان بەدەست بهێنین ژنێکى بوێرو کارا دەبم بۆ ستاندنى مافى ژنان بە پێى یاسا.

 

فێنک شەفیق، بەڕێوەبەرى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژ بەژنان و خێزان کاندید بۆ ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق وتى: بەهۆى ئەوەى خۆم بەڕێوەبەرى بەرەنگاربونەوەى توندوتیژیم لە نزیکەوە ئاگام لەو بڕگەو ماددانە هەیەو لەبەغدا بە پێچەوانەى ئێمە هەتا ئیستا  بە ڕێوەبەرایەتى بەرنگاربونەوەى توندوتیژى دژ بەژنان وخێزانیان نییە وەک ئەوەى کە لە هەرێمى کوردستان لە یاساى ژمارە  ٨ى ساڵى ٢٠١١مان هەیە، بۆیە ئیمە پێویستە بەهەماهەنگى و پێکەوە کار بۆژنان بکەین بە یەکڕیزى.

 

" پەرلەمان شوێنێکە بۆ داڕشتنەوەى یاسا یاسایەکى دووردرێژ تا بتوانرێت کۆمەڵگە ڕێکبخاتەوە  و ئیش بۆ ژنان بکات"

فێنک شەفیق وتیشى سەبارەت بە هاوسەرگیری منداڵی کچ گۆرانکاریەک بوو لە یاساى بارى کەسێتى بە ژمارە ١٨٨ , بەشێک لە مەزهەبەکانى شیعەى جەعفەرى داوایان کرد، کە کچان بە ٩ ساڵى و کوران بە ١١ ساڵى هاوسەرگیرى بکەن، بەڵام جێى دڵخۆشیە کە ئەوکات بە هەوڵى ڕێکخراوەکانى ژنانى عێراق کە ڕێکخراوەکانى ژنانى هەرێمى کوردستانیشى تێدابوو، تونرا  ئەوە رابگرن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش تا ئیستا بۆ ژنان بۆشایی یاسایی هەیە ژنانى جیابۆوە نەفەقە وەرناگرن وچەندین کێشەى دیکە ئەوەش ئەرکى ئیمە دەبێت کە ئەو کارو چالاکیانەى لە کوردستان هەیە لە عێراقیش هەبێت، پەرلەمان شوێنێکە بۆ داڕشتنەوەى یاسا یاسایەکى دووردرێژ تا بتوانرێت کۆمەڵگە ڕێکبخاتەوەو ئیش بۆ ژنان بکات چونکە هەموومان دەزانین ژن ژیان و نیشتمانە دەبێت هەموو ڕێکارەکانى ژنان بەنیشتمانى بکرێت و بپارێزرێت و بەیاسایەکى توکمە.