بە بەشداری ۱۳ ژن فێستیڤاڵێک بۆ بەرهەمە خۆماڵی و سروشتییەکان کرایەوە
لە شاری سلێمانی بە بەشداری ١٣ ژن بە ناونیشانی "لە جوتیار و باخداری خۆماڵییەوە بۆ خەڵک"، فێستیڤاڵێک بۆ بەرهەمە خۆماڵیەکانی خاوەنکارە بچووکەکان کرایەوە.
سلێمانی
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە کارگەی کولتووری جگەرە لە شاری سلێمانی، بە دەستپێشخەری ڕێکخراوی ڕۆزا لۆکسمبۆرگ لقی بەیروت و بە هاوکاری ڕێکخراوی ئارت پڵەس و کارگەی کولتوور بە ناونیشانی "لە جوتیار و باخداری خۆماڵییەوە بۆ خەڵک" بە بەشداری ۲٠ خاوەنکار کە ۱۳ خاوەنکاریان ژنن، بە مەبەستی پشتگیری کردنیان، فێستیڤاڵێک بۆ بەهەمی خۆماڵیی و ناوخۆیی جوتیاران و خاوەن کارە بچووکەکان ڕێکخرا.
"ڤیستیڤاڵی خۆماڵی بە ئامانجی بەبازاڕکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکانە"
شنیار محەمەد، ئەندامی دەستەی ڕێکخەری فێستیڤاڵ وتی: هەبوونی ئەم چالاکییە بە ئامانجی دروستکردنیبازاڕێک بۆ خاوەنکارە بچوکەکان ئەنجام دراوە، کە لە لایەن ڕۆزا لۆکسمبۆرگ لقی بەیروت و بە هاوکاری ڕێکخراوی ئارت پڵەس و کارگەی کەلتوور ڕێکخراوە، تا هاوڵاتیان دوربکەوەنەوە لە بەرهەمە بیانییەکان لە ناوچەکەدا، زیاتر بەرهەمە خۆماڵییەکان بخەینە بەرچاوی هاوڵاتیان، لە ڕێگەی ئەم بە بازاڕکردنانەوە هاوڵاتیانمان تەندروستیان باشتر بێت، لە ئێستادا ٢٠ خاوەنکار بەرهەمەکانیان ساخدەکەنەوە، لە ناویاندا ١٣ ژن بە بەرهەمە خۆماڵییەکانیان بەشداری ڤیستیڤاڵەکەیان کردووە.
شنیار محەمەد، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەم ڤیستیڤاڵە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت، ئامانجمان هەبوونی بازاڕێکە بۆ خاوەنکارە بچووکەکان تا بتوانن بەرهەمەکانیان بە بازاڕ بکەن، لە ناوجەرگەی شاری سلێمانیدا فێستیڤاڵەکەمان ئەنجامداوە، تا زۆربەی هاوڵاتیان بەشداری تێدا بکەن.
"هەنگوینی هەنگەڵانەکەم بە هاوڵاتیان دەناسێنم"
ساکار حەمە کەریم، ئەندازیاری کشتوکاڵی و هەنگەوان، ئاماژەی بەوەدا، ئەم فێستیڤاڵانە لە بەرهەمی خاوەن کارە بچووکەکان پێکدێت، کە خۆیان بەرهەمهێنی کارەکانیانبوون، وتی: ئێمەی خاوەنکار لەم فێستیڤاڵەدا بە بەرهەمە خۆماڵییەکانمان بەشداریمان کردووە، تا بتوانین بەرهەمی ناوخۆی وڵاتەکەمان ساخ بکەینەوە، هەنگوینی هەنگەڵانەکەی خۆمم هێناوەو لێرە ساخی دەکەمەوە، هەبوونی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە بۆ ئێمەی خاوەنکار گرنگی زۆری هەیە، ڕاستە لە ڕێگەی ئەکاونتەکانمانەوە ناسراوین، بەڵام جارێکی دیکە ئەم فێستیڤاڵانە بە هاوڵاتیان و سەردانیکەرانمان دەناسێنێت.