لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری لە شاری حومس ژنێک کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو
لە هەڵکشانی نوێی توندوتیژییەکان لە حومس، لە هێرشێکی گروپێکی چەکدار بە دوو نارنجۆکی دەستی بۆ سەر ماڵێک لە گەڕەکی وەلیدی حومس، ژنێک کوژرا و ژنێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو.
ناوەندی هەواڵ
کوژرانی ژنێک و برینداربوونی ژنێکی دیکە لە ناوەڕاستی سووریا لە کاتێکدایە کە زنجیرەیەک هێرشی ئەمنی دووبارەی جیهادییەکانی هەتەشە بەردەوامەو ترسی دانیشتووان لە بەردەوامی بە ئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی و پەرەسەندنی توندوتیژی لە ناوچەکەدا زیاتر دەکات.
لە ڕووداوێکی ئەمنی نوێدا، لە شاری حومسی ناوەڕاستی سووریا، ئێوارەی ڕۆژی ٢٤ی تشرینی یەکەم، گروپێکی چەکداری دوو نارنجۆکی دەستییان فڕێدایە سەر ماڵێک لە گەڕەکی وەلید و بەو هۆیەوە ڕهام نزار حەمودە، تەمەن ٣٢ ساڵ کوژرا و بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان ژنێکی دیکەی گەنج بە ناوی "سارا محەمەد حەمیدوش" بەهۆی پارچە پەڕیوەکانی نارنجۆکەکە بە سەختی بریندار بوو.
ئەم سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە،کە ڕهام حەمودە بە مردووی گەیشتووەتە نەخۆشخانەکە، لە کاتێکدا سارا محەمەد چارەسەری سەختی برینەکانی وەردەگرێت، ئەم ڕووداوە بەشێکە لە زنجیرەیەک هێرشی ئەم دواییە لە شارەکەدا، کە نیگەرانییەکانی دانیشتووان لەبارەی پەرەسەندنی توندوتیژی و بەردەوامی بەئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی بەرزکردەوە.