ژنانی کورد، عەرەب، سریانی، ئەرمەنی: ژنانی سوەیدا تەنیا نین
پلاتفۆرمی چالاکی هاوبەشی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵمەتێکی هاوپشتی بۆ ژنانی سوەیدا دەستپێکرد. سەباح شابۆ، نوێنەری یەکێتی ژنانی سووریا لە نوسینگەی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی ژنان، داوای یەکڕیزی و یەکگرتوویی کرد.

ئەسما محەمەد
قامیشلۆ-دوابەدوای پێشێلکارییەکانی دژی ژنانی درووز لە سوەیدا، کۆمەڵێک ژن و چالاکوانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ٣٠ی تەمووزدا هەڵمەتێکی هاودەنگییان دەستپێکرد بە ئامانجی بەرزکردنەوەی دەنگی ژنان و پێشێلکارییەکانی دژی ژنان بۆ جیهان و داوای لێپرسینەوە لە تاوانباران و کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان. ئەم هەڵمەتە لە وەڵامی "پێشێلکارییە جددی و سیستماتیکییەکان" دژی ژنان لە باشووری سووریا، بە دروشمی "پێکەوە دژی جینۆساید بۆ پشتیوانی لە ژنان لە سوەیدە" دەستیپێکرد.
"تا توندوتیژی و جیاکاری دژی ژنان، خەباتی فێمینیست بەردەوام دەبێت"
سەباح شابۆ، نوێنەری یەکێتی ژنانی سووریا لە نوسینگەی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو ڕایگەیاند کە ئەم هەڵمەتە ئامانجی ئەوەیە لە ڕێگەی زنجیرەیەک چالاکیی و کاری مەیدانی و میدیاوە ئازارەکانی هەموو ژنان لە سوریا بە جیهان بگەیەنێت، تا توندوتیژی و جیاکاری دژی ژنان بەردەوام بێت، خەباتی فێمینیست بەردەوام دەبێت.
"بە ناوی هەموو دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی ژنان دەستی پێکردووە"
سەباح شابۆ وتی: وەک پلاتفۆرمی ژنان، بە توندی ئیدانەی توندوتیژی و بەئامانجکردنی ڕاستەوخۆی ژنان لە سوەیدا دەکەین، بەمەبەستی گەیاندنی دەنگی ژنان بە جیهان و پاڵپشتیکردنی ژنانی سووریا لە دژی هەموو جۆرە توندوتیژی و خەباتی تائیفی، کەمپینەکەمان ڕاگەیاندووە، کەمپینەکە بەناوی سەرجەم دامودەزگا و ڕێکخراوەکانی ژنانەوە بە بەیاننامەیەک بە سێ زمان دەستیپێکرد کە پێشێلکارییەکانی دژ بە ژنان لە سوەیدا و سووریا شەرمەزار دەکات.
"دوو بابەتی سەرەکی تاوتوێ دەکرێن"
سەباح شەبۆ ڕایگەیاند، کەمپینەکە هاشتاگی هاوبەشی لە دیجیتاڵ میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستپێکردووە و هەروەها پەیام بۆ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەنێردێت بۆ ئەوەی بە فەرمی و ڕاستەوخۆ دەنگ و ئازارەکانی ژنان بگەیەنن، دۆسیەیەکی دۆکیۆمێنتاری لەسەر پێشێلکارییەکانی سوەیدا ئامادە دەکرێت و ڕەوانەی دامودەزگا و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان دەکرێت، هەروەها لە زۆر شوێن خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت و پانکارت هەڵدەگیرێت کە داوای کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و تایفەگەری و کوشتنی خەڵکی مەدەنی دەکەن، مەکۆیەک بە بەشداری ژنانی ناوچە جیاوازەکان بەڕێوەدەچێت و دوو بابەتی سەرەکی تاوتوێ دەکرێن؛ پێشێلکارییەکان و تاوانەکانی دژی ژنان لە ناوچە کەنارییەکان و لە سوەیدا.
"پێکەوە دژی جینۆساید بۆ پشتیوانی لە ژنان لە سوەیدا"
سەباح شابۆ هەروەها سەبارەت بە دروشمی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکە وتی: ئێمە دروشمی ‘پێکەوە دژی جینۆساید بۆ پشتیوانی لە ژنان لە سوەیدا’مان هەڵبژارد بۆ ئەوەی گرنگی بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی ژنان بدەین، کەمپینەکە یان درێژ دەکرێتەوە یان پەرەی پێدەدرێت بەپێی فیدباکەکان.
"هەست بە ئازاری ژنانی سوەیدا دەکەین"
سەباح شابۆ جەختی لە گرنگی پشتیوانی ژنان کردەوە و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: وەک گەلی کورد و عەرەب و ئاشووری کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەژین، هەست بە ئازاری ژنانی سوەیدا دەکەین، چونکە هەمان ئازارمان بەدەستی داگیرکەری تورکیا و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا ئەزموون کردووە، بۆیە داوا لە هەموو ژنانی سووریا و هەموو ژنان دەکەین یەکگرتوو بن، دەنگی خۆیان لە دژی کوشتن و توندوتیژی بەرز بکەنەوە.