تاژێ لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان لە بەغدا کۆدەبێتەوە

لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانی فەرمانەکەدا، شاندی تاژێ کۆبوونەوەیان لەگەڵ ڕێکخراو و دامەزراوەکانی ژنان لە بەغدا ئەنجامدا، تاژێ زانیاری لەسەر فەرمانەکە، ژنانی دیل، جینۆساید، و ڕێکخستنی ژنانی ئێزدی هاوبەش کرد.

شنگال

 

لەچوارچێوەی کارو چالاکییەکانی ١١یەمین ساڵیادی فەرمانەکە، شاندێکی لیژنەی دیپلۆماسی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" لەگەڵ دامودەزگا و ڕێکخراوەکانی ژنان لە بەغدا کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن.

 

لەسەر ئەو بنەمایە، شاندی تاژێ لەگەڵ ژنانی شەبەک، تۆڕی ژنانی عێراق، بەرەی کوردی فەیلی، بەشی ژنان و سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی پارتی شیعە کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.

 

لە میانی کۆبوونەوەکاندا زانیاری لەسەر پرسەکانی ساڵیادی فەرمانەکە، ڕێکخستنی ژنان و پێکهاتەی ئێزدی دوای ئەو فەرمانە، گرنگی خۆپاراستنی یەژەشە-یەبەشە، سیستمی خۆبەڕێوەبەری، دۆخی ئێستای شنگال، و دۆخی ئاوارەکان بڵاوکرایەوە.

 

بەتایبەتی گرنگترین کارنامە لەکاتی کۆبوونەوەکاندا، پرسی دۆخی ئەو ژنە دیلانە بوو کە ماوەی ١١ ساڵە لە دەستی داعشدان و چارەنووسیان نادیارە.

 

لەم دیدارانەدا شاندەکە داوای لە دامودەزگا و ڕێکخراوەکانی ژنانی عێراق کرد کە پشتیوانی لە دۆزی ژنانی ئێزدی و پێکهاتەکە بکەن سەبارەت بە پرسی دیلەکان و ناساندنی جینۆساید لەلایەن عێراقەوە.

 

هەموو ئەو دەزگا و ڕێکخراوانەی ژنان کە شاندەکە لەگەڵیان کۆبوونەتەوە ڕایانگەیاندووە کە ژنانی ئێزدی پێشەنگن، هێزیان لێ وەردەگرن و ڕایانگەیاندووە کە ئامادەن پشتگیریان بکەن.