ژنانی کلدان و ئاشوری و سریان لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق کۆبوونەوە
ژنانی کلدان و ئاشوری و سریان لەگەڵ د.بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق کۆبوونەوە، بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوەکرد، مەسیحییەکان پێکهاتەیەکی رەسەنی وڵاتن و بوێرانە رووبەڕووی توندوتیژی و تیرۆر بوونەوە.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢١، لە کۆشکی سەلام لە بەغدا شاندێکی ژنانی کلدان و ئاشوری و سریان لەگەڵ د.بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق کۆبوونەوە، لەسەرەتای دیدارەکەدا بەرهەم ساڵح بەگرنگییەوە باسی لە رۆڵی گرنگی مەسیحییەکانی وڵات کرد لە پاراستنی ناسنامەی نیشتمانییان و بەشداری کارایان لەگەڵ ھەموو پێکھاتەکانی دیکەی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جۆراوجۆرەکان و خۆڕاگرییان لەبەرامبەر توندوتیژی و تیرۆردا.
ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق ئەوەشی خستەڕوو سەرەڕای ئەوەی کە ژنانی عێراق بە گشت پێکھاتەکانییەوە رووبەڕووی تاوانەکانی تیرۆر بوونەوە، بەڵام بوێرانە بەرەنگاری هەلومەرجی سەختی ژیان بوونەوە لەگەڵ خێزانەکانیان، بەتایبەتی ئاوارەبوون و هەڕەشەی تیرۆریستان، ھەروەھا دووپاتیکردەوە لەگرنگی پشتیوانیکردن لە ژنان و قەرەبووکردنەوە و مسۆگەرکردنی تەواوی مافە رەواکانیان لەلایەن دەوڵەتەوە.
لە کۆتاییدا جەختیکردەوە لەپێویستی خستنەگەری گشت ھەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە مەسیحییەکان بۆ زێد و ناوچەکانی خۆیان و فەراھەمکردنی بەشداری کارای مەسیحییەکان لە کایەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، بەجۆرێک دڵنیایی بدات لەوەی دەنگ و داواکاری مەسیحییەکان بە شێوەیەکی باش دەگاتە لایەنە پەیوەندیدارەکان.