ژنانی خاوەنکار لە بامیان بەرەنگاری سنووردارکردن دەبنەوە
ژمارەیەک ژن لە پارێزگای بامیان لە ئەفغانستان بە دامەزراندنی چالاکییە بچووکە ئابوورییەکان و دەربازبوون لە چنگی بێ ماڵ و خەمۆکی، توانیویانە بژێوی ژیانی خۆیان و ژنانی دیکە دابین بکەن.
بەهاران لەهیب
بامیان- لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ژنانی ئەفغانی لە کار و خوێندن بێبەش بوون، بەشێکی زۆریان بژێوی خێزانەکانیانن. ئێستا ژیانێکی سەخت دەژین. بەڵام هەندێک لە ژنان سوودیان لە کەمترین هەل وەرگرتووە، بە سەرچاوەی وەبەرهێنانی سنووردار، بازرگانی خۆیان دامەزراندووە، لە ڕووی ئابوورییەوە پشتگیری ژنانی دیکە بکەن.
پێش ئەوەی تاڵیبان دەسەڵات لە ئەفغانستان بگرێتە دەست، بازاڕێکی قەرەباڵغ لە پارێزگای بامیان هەبوو، کە هەموو فرۆشیارەکان ژن بوون. ئەوان جلوبەرگی ناوخۆیی ئەفغانییان بەرهەمهێنا و دەیانفرۆشت، بەتایبەتی جلوبەرگی نەتەوەی هەزارە. ئەوان شەو و ڕۆژ کاریان دەکرد، زۆرێک لە ژنانی گوندەکان بەشدارییان لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا دەکرد، ئەمەش یارمەتیدەر بوو لە پاڵپشتیکردنی بژێوی خێزانەکانیان. بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، ژنان بێبەش بوون لە کارکردن، هەژاری بڵاوبووەوە، کۆچی زۆرەملێ ڕوویدا و ژمارەی گەشتیارانی بیانی کەمی کرد. ئەم بازاڕە زیندوویی خۆی لەدەستدا.
بەڵام لە بەشێکی دیکەی شاری بامیان بازاڕێکی نوێ سەریهەڵداوە، کە ژمارەیەک ژن دوکان بەڕێوەدەبەن و هەموو جۆرە جلوبەرگ و قوماشێک دەفرۆشن. کامیلا عەتائی، یەکێک لەو ژنانەی کە لەم بازاڕەدا چالاکە وتی: لە ساڵی ٢٠٢٠ زانکۆم تەواو کردووە و ماوەی ٧ مانگ کارم کردووە، بەڵام لەگەڵ هاتنی تاڵیبان دەرگای دامودەزگاکان بەڕووی ژناندا داخران، دوای ئەوە ئەم دوکانەم دامەزراند، کە ماوەی حەوت مانگە کاری تێدا دەکەم. لەبارەی وەبەرهێنانەکەیەوە دەڵێت: ئەم دوکانەم تەنها بە سەرمایەی خۆم دروست نەکردووە، بەشێکی خۆم بووە و بەشێکەی تریش قەرزکردووە.
سەبارەت بە پاڵنەرەکانی بۆ دەستپێکردنی ئەم پڕۆژەیە وتی: کاتێک کارەکەم لەدەستدا و بووم بە ژنی ماڵەوە، تووشی خەمۆکییەکی توند بووم، بۆیە بڕیارمدا ئەم فرۆشگایە دابمەزرێنم، بۆ ئەوەی لەو دۆخە دەربچم وە پاڵنەرێک بۆ ژنانی دیکەبم. حەزم دەکرد ژنانی دیکە ئیلهامبەخش بن لە من، پشت بەخۆیان ببەستن، ماوەی حەوت مانگە لەم فرۆشگایەدا کاردەکەم و هەموو ئەو شتانەی نمایشکراون جلوبەرگی ژنانن.
سەبارەت بە کارلێکی نێوان پێکهاتەکە و تاڵیبان، ئاماژەی بەوەشکرد، "هاندانی ژنان وەردەگرم، بەڵام پیاوان پشتگیریم ناکەن، لایەنگرانی تاڵیبان هەڵوێستێکی نەرێنییان هەیە و دەیانەوێت بە بیانووی نوێژکردن دوکانەکەم دابخەن، سەرەڕای ئەو هەموو فشارە، بەردەوامم لە کارکردن".
کامیلا عەتائی لە کۆتایی قسەکانیدا بە پەیامێک بۆ ژنانی ئەفغانستان وتی: واز لە مانەوە لە ماڵەوە بهێنن، بۆ ئەوەی لە خەمۆکی ڕزگارتان بێت، ئەوەی لە تواناتاندا بێت بیکەن.
چیرۆکەکانی وەک کامیلا عاتائی نیشان دەدەن کە لە نێوان سنووردارکردن و نائومێدیدا، هێشتا هیوایەک ماوە. سەرەڕای هەموو فشار و بێبەشییەکان، ژنانی ئەفغانی هەوڵدەدەن نەک تەنها بۆ خۆیان، بەڵکو بۆ کۆمەڵگەکانیشیان بەسوود بن. ئەم هەوڵانە شایەنی پشتیوانی و بەزەیی و سەرنجی ڕاستتیە.