ژنانی کامپی مەخمور لە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بانگەواز دەکەن

ئەنجومەنی عەشتار لە کامپی پەنابەرانی مەخمور داوا لە ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی "OPCW" دەکات لەدژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورک بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی هەڵسێت، پشتیوانی خۆیشی بۆ نامەی ژنانی سیاسەتمەدار دەردەبڕێت کە ئاڕاستەی ڕێکخراوەکەی کردبوو.

ئەنجومەنی عەشتار لە کامپی پەنابەرانی مەخمور داوا لە ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی  "OPCW" دەکات لەدژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورک بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی هەڵسێت، پشتیوانی خۆیشی بۆ نامەی ژنانی سیاسەتمەدار دەردەبڕێت کە ئاڕاستەی ڕێکخراوەکەی کردبوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور لەڕێگای ئەنجومەنی عەشتارەوە، لەدژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، داوا لە ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی"OPCW" دەکەن بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵسن.

ئەنجومەنی عەشتار پشتیوانیی خۆیشی بۆ نامەکەی  ٦٤ ژنی سیاسەتمەدار  و ڕۆشنبیری جیهان دەربڕی کە لە ڕێگەی دەستپێشخەری ڕێپاک-ەوە کە ڕۆژی ٢٢ی ئەم مانگە ئاڕاستەی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاییان کردبوو بۆ لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورک.

ئەنجوومەنی عەشتار ئاماژە بەوەدەکات، دەوڵەتی تورک چەندین ساڵە لە دژی گەلی کورد تاوانی شەڕ ئەنجام دەدات، لەشەڕدا هیچ ئەخلاقێک ناناسێت و تەواوی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات، لە ٢٣ی نیسانی ئەمساڵەوە لە دژی گەریلا و گەلی کورد شەڕی دەستپێکردووە، لەو شەڕەدا هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراو بەکاردەهێنێت، لەو شەڕەدا چەکی کیمیایی کە لە یاسا نیودەوڵەتییەکاندا قەدەغەن، بەکاری دەهێنێت، بەکارهێنانی چەکی کیمیاییش لەلایەن گەریلاوە پشتڕاست کراوەتەوە.

هاوکات ئەنجومەنەکە ڕەخنەی توند لە بێدەنگیی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی دەگرێت و دەڵێت: "ئایا بۆچی ناوی دام و دەزگاکانی خۆتان بەناوی مافی مرۆڤ کردووە؟ لە ڕاستیدا بێدەنگبوون و بێ هەڵویستی و سەیرکردن بەمانای هاوکارییە، پیویستە تەواوی جیهان لەبەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی هەڵوێست وەربگرێت".

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەنجومەنی عەشتار بانگەوازیی لە تەواوی ژنانی کورد و جیهان کردووە، کە هێزی ژنان بکەنە یەک لەدژی زوڵم و چەوساندنەوە و داگیرکاریی دەوڵەتی تورک، داواشی لە "OPCW" کردووە بە بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵسن.