ژنانی هونەرمەند، زانستی ژن پێشدەخەن
ئامانجی بەڕێوەبردنی پانێڵی ئەزموونی ژنانی هونەرمەند و ڕوانگەی ژنۆلۆژی تیشک خستنە سەر ڕوانگەی ژنۆلۆژییە بۆ هونەر و کارکردنە بۆ خستنەڕووی کێشەکانی ژنان.
ناوەندی هەواڵ
نیوەڕۆی ئەمڕۆ پانێڵی ئەزموونی ژنانی هونەرمەند و ڕوانگەی ژنۆلۆژی لە هۆڵی مەڵبەندی کوردۆلۆجی لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو، ئەم پانێڵە لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی بە هاوکاری مەڵبەندی کوردۆلۆجی ڕێکخرا.
ژنانی سیاسەتمەدار و چالاکوان و هونەرمەندان و ژنانی توێژە جیاوازەکان بەشداری پانێڵەکە بوون، پانێڵ لە لایەن خەندە حەمیدەوە بەڕێوەبرا، لە سەرەتادا هونەرمەند ڕۆژگار مستەفا بابەتێکی بە ناونیشانی "کردەی هونەر وەک هەڵویستەیەک پێشکەشکرد و باسی لەوە کرد، " لەڕێی هونەرەوە دەتوانین پەنجە بخەینە سەر کێشەکان و کێشەکان چارەسەر بکرێن، ئاماژەشی بەوەدا هونەرمەند بەدەر نییە لە کێشەکانی ڕۆژانە و دەتوانن دۆخی ژنان و دۆخی هونەریش بگۆڕن.
لە بەشێكی دیکەی پێشکەشکردنەکەدا زەهرا دۆگان هونەرمەند و ڕۆژنامەنووس لە بابەتی هونەر و شووناس-دا باسی لەو وێنانە کرد لە زیندانی دەوڵەتی تورکدا بە خوێنی سوڕی مانگانە و تاڵی قژ دروستی کردوون و ئاماژەی بەوەدا ژنان دەتوانن بە هەرەوەزی کار لەسەر ژنۆلۆژی، زانستی ژن بکەن تا ڕێگەی هونەر و بوارەکانی دیکەوە ڕەنگبداتەوە لە ژیانماندا.
ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، ناگیهان ئاکارسال بە ناونیشانی ڕوانگەی ژنۆلۆژی بۆ هونەر و تیایدا باسی لەوە کرد، " ژنۆلۆژی و زانستی ژن گەڕانە بەدوای چۆنییەتی ژیان و داڕشتنی ڕێبازی ژیانێکی دروست، هونەر و زانستیش وەک دوو باڵی چۆلەکەن و بەیەکەوە گرێدراون، هەروەها ئاماژەی بەوەدا پێویستە زانستی ژنۆلۆژی لەسەر کەلتوور و فەرهەنگیی خۆمان بنیادبنێین نەک لەسەر کەلتووری دەرەکیی.
ئامانجی بەڕیوەبردنی ئەم پانێڵە بۆ تیشک خستنە سەر ڕوانگەی ژنۆلۆژییە بۆ هونەر و کارکردنە بۆ خستنەڕووی کێشەکان. لە پانێڵەکەشدا سێ نامیلکەی ژنۆلۆژی دەربارەی ژنۆلۆژی، بەسیاسیکردنی هەستەکان و ئازادی لە پێوەری ئەتیک و ئەستاتیکادا بۆ خوێنەران نمایش کرابوو.
ت.پ