دوو ژنی بەڕێوەبەری خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان تیرۆرکران
دوو ژنی بەڕێوەبەری خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان پاش ڕفاندنیان، بە کوژراوی دۆزرانەوە، ڕاگەیاندنی پارێزگای حەسەکەش دەڵێت ئەو دوو ژنە پێشتر هەڕەشەیان لێکراوە، کۆمسیۆنی ژنان و کۆنگراستاریش ئیدانەی ئەو کارە دەکەن.
ناوەندی هەواڵ
هەریەک لە هاوسەرۆکی کاروباری هاوڵاتیان سەعیدە فەیسەڵ الهرماس و جێگرەکەی هند لەتیف الخدر، ئێوارەی ڕۆژی هەینی لە شارۆچکەی تەل شایەر لە پارێزگای حەسەکە ڕفێندران، شەوی ڕابردوو بە تیرۆرکراوی دۆزراونەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی پارێزگای حەسەکەش ئەو دوو ژنە پێشتر هەڕەشەیان لێکراوە و مەترسی لەسەر ژیانیان هەبووە، دوای تیرۆرکردنی ئەو دوو ژنە، لە بەیاننامەیەکدا کۆنگرا ستار ئیدانەی کوشتنی ئەو دوو ژنەی کرد و بە کارێکی قێزەون ناوی بردووە، پرسە و سەرخۆشی خۆیان ئاڕاستەی بنەماڵەی ئەو دوو ژنە کرد.
ڕاشیگەیاند، تیرۆکردنی ئەو ژنانە بە ئامانجی نەهێشتنی تواناکانی ژنانە، لەبەر ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا ژنان ڕۆڵێکی کارایان هەیە، دەیانەوێت پێگەی ژنان لاواز بکەن.
کۆمسیۆنی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستانیش، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، کە دوژمنانی بەڕێوەبەری خۆسەر بەم کارە دەیانەوێت ئازادی ژنان لاوازبکەن.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەم کارە قێزەونەیان بە مایەپووچی دوژمنان لە قەڵەمدا، چونکە حەسەکە شارێکی ئارامە، بەڵام دوژنمان بەم هەوڵ ترسنۆکانە دەیەوێت ترس بڵاوبکەنەوە و ئازادی ژنان لاوازبکەن.
ت.پ