لێکۆڵینەوە لە خۆکوشتنی ژنانی ئاوارەی ئێزیدی دەکرێت
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئیڤان فایەق، لە سەردانێکیدا بۆ کەمپی ئاوارەکانی ئێزیدی لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی خۆکوشتنی ژنانی ئێزیدی دەکات.
ناوەندی هەواڵ
لە سەردانێکی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئیڤان فایەق، بۆ کەمپی ئێزیدییەکانی سەر بە قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک، لێکۆڵینەوەی لە هۆکارەکانی خۆکوشتنی ژنان کرد، وەزیرەکەی عێراق بەشداری سیمینارێکی کرد لە ژێر ناونیشانی"ڕاستی ژیانی ژنانی ئاوارەی ئێزیدیەکان لەناو کەمپەکاندا".
ئێڤان فایەق ڕایگەیاند"سەرۆک وەزیران و وەزارەتەکەی پاڵپشتی ژنان بە گشتی و ژنانی ئێزیدی بە تایبەتی دەکەن بۆ ئەو نەهامەتییانەی کە بە هۆی هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەکانیان و ئاوارەبوونیان بەسەریان هاتووە، بەرگەی نەهامەتیەکانی ژیان و گوزەرانیان گرتووە".
بە گوێرەی ئامارەکانی ئەو ڕێخراوانەی لە کەمپەکاندا کار دەکەن، لە دوای ساڵی ٢٠١٤ لە کەمپەکاندا ٢٥٢ کەس بە هۆکاری جیاجیا خۆیان کوشتووە، ، ژنانی ئەم کەمپانە ڕووبەڕووی چەندین نەهامەتی و قورسی ژیان دەبنەوە، بە جۆرێک لە ساڵی تازەدا و لە ماوەی یەک هەفتەدا ٥ کەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە چواریان ژنن.
ت.پ