ژنانی بناری قەندیل ئامادەکاری دەکەن بۆ یادی ٨ی مارس

بە ئاهەنگێک ژنان لە بناری قەندیل یادی ٨ی مارس دەکەنەوە، بانگ لە ژنانی باشوری کوردستانیش دەکەن، ئەمساڵ بە گڕوتینەوە بەشداری ئاهەنگی پیرۆزکردنی ٨ی مارس بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

بۆ پیرۆزکردنی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک ئاهەنگێک لە بناری قەندیل بۆ ڕۆژی ٨ی مارس ڕێکدەخەن، ئامادەکارانی ئاهەنگەکەش داوا دەکەن ژنان بە گشتی و ژنانی قەندیل بە تایبەت بەشداری ئاهەنگەکە بکەن.

ئاواز ئیسماعیل هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا باس لە ئامادەکاریەکان دەکات، هەروەها ڕایدەگەیەنێت " ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، لە ژێر دروشمی “بە ڕۆحی بەرخۆدانی ئیمرالی و بەرخۆدان و سەرکەوتنی گارە”، لە بناری قەندیل ٨ی مارس پیرۆز دەکەین.

لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات "بانگەوازیمان بۆ ژنانی باشوری کوردستان و بە تایبەت بناری قەندیل ئەوەیە، بە جۆش و خرۆشێکی مەزنەوە بەشداری پیرۆزبایی ئاهەنگەکە ببن، ئەم ئاهەنگە دەکەینە بەرپەرچدانەوەیەک بەرامبەر دوژمنان و ناحەزانی گەلی کورد، بۆیە داوا دەکەین بە هەموومان بە گڕوتینەوە بەشداری لە ئاهەنگەکەدا بکەین".

 

ت.پ