ژنانی باشووری کوردستان لە ڕێگەی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەوە ئامانجیانە توندوتیژییەکان لەسەر ژنان نەمێنێت
لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، تا تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥، ٤٢ ژن کوژراون، لە ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ژنان لە ڕێگەی چالاکی و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەوە دەیانەوێت کوشتنەکان نەمێنێت، کوشتەنکان بۆ خراپی سیاسەتی باشووری کوردستان دەگەڕێننەوە.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان بەردەوامی هەیە، لە تەواوی جیهاندا ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی و کوشتنەکان دەبنەوە، هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لە کوشتنەکان و توندوتیژییەکان، هەموو ڕۆژێک له شارهكانی ههرێمى کوردستان، ههواڵی كوشتنی ژنان دهبیسترێت، کە یەکێک لە هۆکارەکانى زیادبوونى توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان، ئەو داگیرکارییانەیە کە دەوڵەتانی داگیرکەر بە هاوکارى هێزە پاوانخوازەکانى هەرێمى کوردستان، ئەنجامی دەدات لە باشورى کوردستاندا، پاشان لە لایەن حیزب و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستانەوە جارێکی دیکە لە ژێر ناوی کارکردن بۆ ژنان، ژنان ڕووبەڕووی توندتیژی دەکەنەوە، خوڵقاندنی سیستمی سەرمایەداری و بڵاوکردنەوەی ژەهری پاوانخوازی لە شارەکاندا جارێکی دیکە ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی و کوشتن دەکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە چوارساڵە ئامارەکانی توندوتیژی و کوشتنەکانی ژنان لایەنی پەیوەندیدار ناخرێتەڕوو، بە پێی کۆکردنەوەی ئامارەکانی ئاژانسی هەواڵی نوژنها ژمارەی کوشتنەکان لە سەرەتایی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، تاوەکو ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، ٤٢ ژن کوژراون، ١٩ ژن بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە، ٥ ژن هەوڵی کوشتنی دراوە، ١ ژنیش ناچار بەخۆکوشتن کراوە.
" خێزانەکان پێویستیان بە هۆشیارکردنەوە هەیە تا تاک بەرامبەر مافەکانی ژنان هۆشیاربێت "
شنە کەریم، چالاکوانی ژنان، وتی: لە کۆنەوە ژنان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، هەر لە توندوتیژی چینایەتی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی و ئایینی، تا ئێستەش توندوتیژییەکان بەردەوامی هەیە، ڕێکخراوەکان هاتە ئاراوە کۆمەڵێک بەربەست لەبەردەم ژنان لە لایەن ڕێکخراوەکانەوە لابرا، بەڵام تا ساڵی ٢٠١٣ کاتێک چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دژ بە کورد و بە تایبەت بە ژنان کاریان دەکەرد و تیرۆریان ئەنجام دەدا، لە ئێستادا ژنان لە ڕێکخراوەکاندا بە کاری جیاوازتر و خەباتی بەهێزتر کار بۆ ماف و دەستکەوتەکانی ژنان دەکەن، لە ئێستادا سەرەڕای هاتنە دەرەوەی ژنان و کارکردنیان و هەبوونی ئابووری سەربەخۆی ژنان، بەڵام ژنان تا ئێستەش لە لایەن ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە بە قەتیسی ژیان دەکات، لە ئێستادا ژنان لە ڕێگەی ئاشنابوونیان بە کۆمەڵگە و ئابووری سەربەخۆ و کارکردنی بەشێک لە ڕێکخراوەکان ئاشنای بەشێک لە مافەکانیان بوون، بەڵام هۆشیارکردنەوەی زیاتری ژنان پێویستی بە کاری گرنگتر هەیە.
شنە کەریم، چالاکوان، جەختی لەوەکردەوە، توندوتیژییەکان بۆسەر ژنان لە ناو خێزانەکانیاندا قەتیس نەماوەتەوە، ژنان لە لایەن دەسەڵاتداران و سیاسەتمەدارانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەکرێنەوە، لە ناویاندا سیستمی کۆتا توندوتیژییەکی دیکەیە بەرامبەر ژنان ئەنجامدەدرێت، بەردەوامی توندوتیژییەکان سەرجەم سێکتەرەکانی ژیانکردنی ژنان دەگرێتەوە، ڕۆژانە لە ڕێگەی ڕاگەیاندن کوشتنی ژنان دەخرێتەڕوو، ئامارەکان بەردەوام لە هەڵکشاندان، ئێمە دەزانین ٨ی ئادار ڕۆژی ژنانە، بەڵام ساڵێک لە ڕۆژی ژناندا ژنێک بە دەستی پیاوێک و بە زهنییەتی پیاوسالاری کوژرا، لێرەدا دەری دەخات ئەقڵیەتی پیاوسالاری و کوشتنەکان بەرامبەرژنان لە هەرکاتێکدابێت مەترسییە بۆسەر ژنان، بۆیە ئێمەی ژنان پێویستیمان بە هۆشیاری ناو خێزانەکان هەیە، کاتێک ژنێکم لە ناو خێزانێکدا ماف و ئەرکم ئیخۆمە و خۆم بڕیاردەری خۆمبم، لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانانی ژنانەوە هۆشیاری بڵاوبکەنەوە، ژنان ڕوو لە ڕێکخراوەکان بکەن، بەدەر لەو ئەقڵیەتەی لە کۆمەڵگەدا بەرامبەر ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی ژنان ئەنجامدەدرێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و پارێزگاری لە خێزان و هەڵنەوەشاندنەوەی خێزانەکان کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
"بەهۆی نادروستی ئامارەکانی کوشتنی ژنانەوە ناتوانین کار لەسەر ئامارەکان بکەین "
پەرێز سابیر، ڕۆژنامەنووس، باسی لە سیستی سەرمایەداریکرد، وتی: سیستمی سەرمایەداری زەبری تووند لە کۆمەڵگە و بە تایبەت ژنان دەدات، سیستمی سەرمایەداری کاریگەری لەسەر ژنان جێ دەهێڵێت، کاتێک ژنان بەشداری لە پرسە سیاسییەکاندا دەکەن، لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا بەشداریان پێ دەکەن، بەڵام کەمترین ئەچێتە ناو دامودەزگا حکومییەکان و پەرلەمان و پۆستی سیاسیی پێدەدرێت، لە کاتێکدا ژنان دەتوانن پێگەو جێدەستاین لە کاری سیاسیی و خەباتی سیاسیدا هەبێت، بە تایبەت لە پرسەکانی ژناندا دەتوانن کاربکەن، بەڵام پێویستە ژنان ڕووبەڕووی دەسەڵاتداران و ئەو حیزبانە بۆستن کە ڕێگە بە بەشداریکردنی سیاسەتیان نادەن، سەرەڕای توندوتیژی سیاسیی ژنان لە ناو کۆمەڵگە و دامودەزگاکاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، هەموو ساڵێک لە ٢٥ی تشرینی دووەم ڕوبەڕوبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، هەڵەمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەدەچێت، کە پێویستە هەوڵ بۆ هۆشیارکردنەوەی تاک و گەنجان لە پرس و مافەکانیان بکەینەوە، لە ڕێگەی چالاکی و کۆنفرانسەکانەوە گەنجان و ژنان و خێزانەکان هۆشیار بکەینەوە، کاتێک توندوتیژی ئەنجام دەدرێت هەر تاکێکی خێزانەکە ڕوبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە، بۆیە هۆشیارکردنەوەی خێزانەکان چارەسەری کێشەکان دەکات.
پەرێز سابیر، لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: ئامارەکان لە هەرێمی کوردستاندا دروست بڵاوناکرێتەوە، بە هۆکاری شاردنەوەی کێشەکان و توندوتیژییەکان لە ناو خێزانەکاندا، تا دەماودەم نەچێتە ناو کۆمەڵگە و بەر دیدی ڕاگەیاندنەکان نەکەوێت، یاخود ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کار بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان و کوستنەکان دەکەن، ئەو ئامارە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانەوە وەرنەگیرێت، بۆیە ئەم پەرتەوازەییە بوونی هەیە، بۆیە ناتواندرێت ئێەی ژنان و ڕاگەیاندکاران کار لەسەر ئامارەکان بکەین.