هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتی: ٩٧٪ ماڵەکانی خەرتوم بەدەست نائاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن
هەڵسەنگاندنێکی هاوبەش کە ٧٠ بنکەی تەندرووستی و هەزار و ٢٥٠ خێزانی لەخۆگرتبوو، تێکچوونی خزمەتگوزارییە تەندروستییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و پاکوخاوێنی و کۆکردنەوەی پاشماوەی لە خەرتوم دەرخست.
سودان
ئەو ململانێیەی کە ماوەی سێ ساڵە بەردەوامە، بووەتە هۆی وێرانکاری ژێرخانی ئابووری، بەتایبەتی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان کە بۆردومان کراون و ڕاستەوخۆ کراونەتە ئامانج، کاریگەری نەرێنی لەسەر دانیشتوان بەجێهێشتووە و ئازارەکانیانی زیاترکردووە.
هەڵسەنگاندنێکی نوێ کە لەلایەن هەردوو ڕێکخراوی یارمەتیدانی کڵێسای نەرویجی و فەیلەقی پزیشکی نێودەوڵەتی ئەنجامدراوە، ئاشکرایکردووە، کە ٩٧٪ خێزانەکانی خەرتوم بەدەست نائەمنی خۆراکییەوە دەناڵێنن، ئەمەش ناچاریان دەکات پەنا بۆ چارەسەری نەرێنی ببەن کە بریتیە لە کاری منداڵان و هاوسەرگیری منداڵان.
هەڵسەنگاندنەکە کە ئەنجامەکانی ڕۆژی ٣ی کانوونی یەکەم بڵاوکرایەوە، لە ٧٠ بنکەی تەندروستی ئەنجامدراوە، لەگەڵ چاوپێکەوتن لەگەڵ هەزار و ٢٥٠ خێزان و چاودێری مەیدانی و فۆکەس گروپەکان، بەو ئەنجامە گەیشتووە کە خێزانەکان ناچارن پەنا بۆ چارەسەرەکان ببەن کە بریتین لە قەرزکردنی خۆراک و کەمکردنەوەی ژەمەکان و کاری منداڵان و سواڵکردن، ئاماژەی بەوەشکردووە، ١٦٪ی خێزانەکان داهاتێکی جێگیریان هەبووە، لەکاتێکدا تەواوی خێزانەکان پشتیان بە فرۆشتنی موڵک و حەواڵەی دەرەکی و پشتیوانی کۆمەڵایەتی بەستووە.
لە هەڵسەنگاندنەکەدا دەرکەوتووە ڕێژەی هاوسەرگیری منداڵان کە لە پێش سەرهەڵدانی ململانێکە ٩٪ بووە، بەرزبووەتەوە بۆ لە ٢٤٪، چونکە خێزانەکان پەنا بۆ هاوسەرگیریان دەبەن بۆ کەمکردنەوەی بارگرانییە ئابوورییەکان، هەروەها ٧٪ی ژنان ڕایانگەیاندووە، لە بەرامبەر پارە و خۆراک یان ڕێگەیەکی دیکەدا ناچارکراون بەشداری سێکس بکەن وەک ڕێگەیەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نائاسایشی خۆراک و نەبوونی سەرچاوەی داهات.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە ، ٨٪ی ماڵەکان سەرچاوەیەکی ئاوی باشتر بەکاردەهێنن، بەڵام ٤٨٪ی ئەو سەرچاوانە پیس بوون، دۆخەکە لە ڕۆژهەڵاتی نیل خراپترە، کە ٨٠٪ی ماڵەکان پشت بە ئاوی بیرە قووڵە ناپارێزراوەکان دەبەستن، هەروەها لە ١٨٪ی خەرتوم ئاودەستی چاککراو بەکاردەهێنن، لەکاتێکدا ٣١٪ ئاودەستیان نیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ڕێژەیە بەرزبووەتەوە بۆ لە ٤٦٪ لە جەرگەی ئومدورمان، لە ناوچەی ئومبەدە.
لە هەڵسەنگاندنەکەدا باس لە دابەزینی ڕێژەی کۆکردنەوەی پاشماوە کراوە، کە لە پێش سەرهەڵدانی ململانێکە لە ٦٨٪ بووە، بەڵام لە ئێستادا بۆ لە ٩٪ دابەزیووە، کە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و مێشوولە و پیسبوون، لە کاتێکدا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە کۆی ئەو٣.٧ ملیۆن کەسەی دوای سەرهەڵدانی ململانێکان لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ لە ماڵەکانیان ئاوارە بوون، گەڕاونەتەوە خەرتوم.
هەروەها دەرکەوتووە کە تەنها لە ٤٣٪ی دامەزراوە تەندروستییەکان کاردەکەن لە کۆی گشتی ٧٠ دامەزراوە، کە لە نێویاندا ١٣٪ی خزمەتگوزاری نەخۆشخانەیی پێشکەش دەکەن و ١٤٪یان منداڵبوونێکی سەلامەت ئەنجامدەدەن، هەروەها تاوەکو مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو، کەمتر لە ٢٥٠ سەنتەری چاودێری سەرەتایی لە خەرتوم کاردەکەن لە کۆی ٦٠٠ سەنتەر کە پێش شەڕەکە کاریان دەکرد.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تێکڕای ژمارەی کارمەندانی هەر بنکەیەکی تەندروستی لە ١١.٢ بۆ ٧.٨ کەمیکردووە، کە ٦٢٪ یان بەبێ مووچە کاردەکەن، هەروەها بودجەی حکومەت کەمتر لە ١٠٪ی تێچووی کارپێکردنی دامەزراوەکان دەگرێتەوە، کە تەواوی بودجە کە لە خۆبەخشەکان و کۆمەڵگە ناوخۆییەکانەوە دێت.
هەروەها ٧٠٪ی بنکە تەندروستییەکان دژە ڤایرۆسیان نییە، ٨٥٪ یان بەدەست کەمی دەرمانی مەلاریا وەدەناڵێنن، لەکاتێکدا تەنها ١٥٪ یان ساردکەرەوەی کاریگەریان هەیە بۆ ڤاکسینەکان، کە ڕێژەکەی گەیشتووەتە ٢٣٪.
دەریشکەوتووە کە ٤٥٪ی دامەزراوەکان سەرچاوەی ئاویان هەیە، بەڵام تەنها ٢٧٪ یان دابینکردنی ئاوی بەردەوامیان هەیە، هەروەها لەگەڵ دامەزراوەکانی بێ ئاویدا ڕێژەی تووشبوون بە کۆلێرا ٢.٨ تۆمارکردنی کۆلێرا زیادی کردووە.