ژنانی ڕاگەیاندنکار: کار دەکەین بۆ پیشاندانی سەرکەوتنەکانی ژنان

ژنانی ڕاگەیاندنکاری سنووری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەدەکەن، کار دەکەن بۆ پیشاندانی سەرکەوتنەکانی ژنان، تاوەکو سەرکەوتنەکانیان بە پلە دوو لە کۆمەڵگەدا نەبیندرێن و کارەکانیان بەرەوپێش بچێت.

میهرەبان سەلام

 

هەڵەبجە-لە سنووری پاریزگای هەڵەبجە چەندین ژن لە ڕێکخراوەکان و دووکان و بازاڕ کاری سەربەخۆ دەکەن و

لە بواری ڕاگەیاندنیش کۆمەڵێک ژن لە بوارەکە خزمەتیان کردووەو دەیانەوێت هاوکاربن بۆ ژنانی دیکەش تا ڕەنج و

پیشەو سەرکەوتنەکانیان بنووسنەوە پیشانی بدەن، ئامانج لە دەرخستنی ڕەنجی ژنان بۆ ناساندن و بەرەوپێشبردنی کارەکانیانە.

 

هەروەها کارکردنی ژنانی ڕاگەیاندنکار بەم شێوازە، پاڵپشتییە بۆ ژنانی دیکە لەهەر بوارێکداو بەمشێوەیە یەکگرتوویی ژنان بەرەوپێش دەچێت، وەک کارێکی هەرەوەزی لێدێت کە هە ژنەو لەڕێگەی خۆیەوە دەست بۆ ژنێکی دیکە درێژ دەکات و ڕێگە لەو عەقڵیەتە دەگرێت کە هەمیشە هەوڵی پەراوێزخستن و شاردنەوەی ڕەنج و کاری ژنان دەدات، چونکە کاتێک ناوەندەکانی ڕاگەیاندن تەنها بە پیاوان دەورەدرابوون، دەرخستنی تواناکانی ژنانی کارکەریش بە شاراوەیی مابووەوە.

 

سەبارەت بەم بابەتە، ڕەنگین سەلام، ڕۆژنامەنووس و ئەڤین عەتا، ڕۆژنامەنووسی مەیدانی قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کردو ئاماژەیان بەوەکرد، ژنان لەهەر بوارێکدا سەرکەوتوون و پێویستە ڕەنج و کاریان لەڕێگەی ژنانی ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنەوە پیشان بدرێت.

 

"لەئێستادا ڕاگەیاندن گەورەترین ڕۆڵی لە پرسەکانی ژنان هەیە"

ڕەنگین سەلام، ڕۆژنامەنووس ئاماژەی بەوەکرد، ڕاگەیاندن دەتوانێت ڕۆڵی ئەرێنی و نەرێنی لەبەرامبەر پرسەکانی ژنان ببینێت و وتی: ڕاگەیاندن لە ئێستادا گەورەترین ڕۆلی هەیەو بەتایبەت پرسەکانی ژنان بە هەردوولایەنی ئەرێنی و نەرێنی، هەردوو رۆڵی هەیە لە دەرخستنی توانای ژنان و لەهەمانکاتیشدا ڕۆڵی هەبووە لە زیاد کردنی جۆرەکانی توندوتیژی کە بەرامبەر ژنان دەکرێت و هەست دەکەین کەمتەرخەمییەک هەیە، پێویستە هەموو دەزگایەکی ڕاگەیاندن و تۆڕی کۆمەڵایەتی کە کاریگەری هەیە دەبیت ئەو مەکانەتە بگرین کە دەزگاکان ناتوانن هەیان بێت پیشاندانی لایەنی ئەرینی و ژنانێکی باشمان هەیە ڕۆل و پێگەی خۆیان هەیە، دەبێت راگەیاندن پشتگیرو پالپشتیان بێت، هەر راگەیاندنە وادەکات ژنان ڕووبەرووی توندوتیژی ببن و دەتوانێت سەرکەوتنەکانیش بنووسنەوە.

 

"پێویستە ژنان کارەکانیان بنووسنەوە"

ڕەنگین سەلام لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: هەلێکی باش بۆ ژنان ڕەخساوەو جیاوازییەکان دەبینرێت، پێویستە ژنان کارەکانی خۆیان بنووسنەوەو بزانن چیان دەوێت، سڵ نەکەنەوە لە پێش کەوتن، لە ئێستاشدا سڵ نەکەینەوە لەو بەرەو پێش چوونەی کۆمەڵگە.

 

"ژنان بەتوانان و کاریان جوانەو شایەنی ئەوەن پشگیری بکرێن"

ئەڤین عەتا محەمەد، رۆژنامەنووسی مەیدانی لە سنووری هەڵەبجە، شارەزوور هەورامان وتی: من نامەوێت باسی ژنان بکەم بڵێین ئیمە کارەکانیانمان پیشان داوە، بەڵکو ژنان خۆیان بەتوانان بەتایبەت ژنانی سنوورەکەی ئێمە، ژنانی کوردستان بەگشتی و سنووری ئیمە بەتایبەت ئازان و لەماڵەوە هاتونەتە دەرەوە باشترین کارو جوانترین کار دەکەن، ئێمەش هاوکارین بۆ گواستنەوەی کارەکانیان و بوینەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ژنان بتوانن پێکەوە کارە بچووکەکانیان لە ماڵەکانیان بهێننە دەرەوە لە ڕێگەی راپۆرتیک یان دۆسیەیەکی ئێمەوە وایان لیێهاتووە بە گروپ کاردەکەن.

 

ئەڤین عەتا لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بە لایەنە نەرێنییەکانی راگەیاندن بەرامبەر بە ژنان کردو وتی: لەپاڵ دەرخستنی کارو سەرکەوتنەکانی ژنان، لایەنی کوشتن و بڕین هەیە، بەڵام توانیومانە کارەکانیان پیشان بدەین تاوەکو فراوان تر بکرێت.