لە مەراسیمێکدا تەرمی ٢٢ ئێزدی بەخاک سپێردران

لە مەراسیمێکدا تەرمی ٢٢ ئێزدی کە لە فەرمانی ٣ی ئابدا کۆمەڵکوژ کرابوون، ڕادەستی بنەماڵەکانیان کران و بەخاک سپێردران.

شنگال 

 

لە شنگال لە مەراسیمێکدا ٢٢ تەرم کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە هەڵکەندراون ڕادەستی بنەماڵەکانیان کران.

 

لە مەراسیمەکەدا هەزاران کەس لە سەرتاسەری شنگالەوە بەشدارییان کرد، کە شاندەکانی ئەنجومەنی ڕۆحانی ئێزیدییەکان، بەرپرسانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازی، خۆبەڕیوەبەری شنگال و تاژێ بەشدارییان کرد، مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستیپێکرد.

 

پاشان بەیتی ئایینی لەلایەن قەوالەکانی ئێزدیەوە خوێندرایەوە و نایف کاسۆ بەناوی بنەماڵەی شەهیدکراوانەوە قسەی کردو وتی: ئەمڕۆ ئێمە لێرەین، لەبەردەم ئەم بەبیرهێنانەوەی جینۆسایدی ئێزدییە، بۆ پێشوازیکردن لە ٢٢ شەهیدی گەلی ئێزدیمان، ژن و منداڵ، ئەوان شەهیدی ناسنامەی ئێزدین کە لەلایەن داعشەوە کوژراون و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بە بێ ناسنامە و بێ گۆڕ و بەبێ ماڵئاوایی نێژراون، لەگەڵ ئەم گروپە، ناسنامەی ٢٩٦ شەهید کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دوورخراونەتەوە ئاشکرایکرد، بەڵام سەدان شەهید هێشتا نەناسراون و چاوەڕێی پشکنینن لە پزیشکی دادوەری بەغدا، سەدان کەسی دیکەش هێشتا لە گۆڕی بەکۆمەڵدان کە تا ئێستا نەکراونەتەوە، ئێمە لێرە نین تەنها بۆ ئەوەی ماڵئاوایی لە شەهیدەکانمان بکەین، ئێمە داواکارییە ڕوونەکانمان و داواکارییە دادپەروەرەکانمان دەردەبڕین کە ناتوانین دەستبەرداری بین.

 

داواکارییەکانمان بریتین لە:

*داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین پاڵپشتی تیمە پسپۆڕەکان بکات و بەرپرسیارانە مامەڵە بکات بۆ تەواوکردنی پشکنینی ڕووفاتەکان کە لە بەغدان.

*داواکارین پلانێکی ڕوونی حکومەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی کە ماون و هەوڵەکانی ئێستا زیاتر بکرێن.

*پێویستە ڕێز لە بنەماڵەی شەهیدان و قوربانیانمان بگیرێت لەلایەن حکومەتەوە، بە مەراسیمی فەرمی کە لەگەڵ کەرامەتی شەهیدان بگونجێت.

*داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان دەکەین نەک تەنها لە دۆکیۆمێنتکردن، بەڵکو لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ کەسوکاری شەهیدان و بێسەروشوێنان، هەوڵەکانیان زیاتر بکەن.

*دەبێت ڕۆڵی لێژنەی گەڕان بەدوای  ڕفێندراواندا، وەک لە دەستووری عێراقدا دانپێدانراوە، کارا بکرێت، بۆ ئەوەی چارەنووسی ڕفێندراو و بێسەروشوێنەکان بزانرێت.

*داواکارین هەموو مافەکانی شەهیدانمان و کەسوکاریان ببەخشرێت، هاوشێوەی هەرێم و قەوارەکانی تر.

*پێویستە چارەسەر بۆ ئەو ٦٧ شەهیدەی گۆڕی بەکۆمەڵی خانەسۆر بدۆزرێتەوە، کە بەشێوەیەکیفەرمی و وەک پێویست لە گۆڕستانی شەرەفەدین بەخاک نەسپێردراون، بۆ ئەوەی مافەکانی ئەوان و بنەماڵەکانیان مسۆگەر بکرێت.

*تەرمی شەهیدەکانمان کە ڕۆژانە و پارچە پارچە دەگاتە دەستمان، پەیامێک دەنێرن کە هێشتا دادپەروەری لەدەستچووە، هێشتا مافەکان نادرێن، فەرمانەکەش هەر بەردەوامە. لێرەوە بەبۆنەی یاد و تەرمی شەهیدەکانمانەوە دەڵێم کەرامەتی مردووەکان لە کەرامەتی زیندووەکان گەورەترە. مافی هەموو شەهیدێکە کە ناسنامەی خۆی ئاشکرا بکات و لە گوندەکەی خۆیدا، بە ئارامی و کەرامەتەوە، لەسەر خاکەکەی خۆی بنێژرێت.

 

دوای وتارەکەی نەیف کاسۆ، بنەماڵەکان ڕووفاتی شەهیدەکانیان وەرگرت و بردیان بۆ گوند و گوندەکانی شنگال و هەریەکەیان لە گۆڕستانی گوندەکەیان بەخاک سپێردران.