ژنان لە ئێراندا بەهۆی باوەڕەکەیانەوە فشاریان لەسەرە

ئاتوسا بابادی دانیشتووی شاری سەبزێوەر لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا، نازەنین عابدینی کفشگری خەڵکی بەهایی بە سێ ساڵ زیندان و ٨ ساڵ بێبەشکردنی مافە کۆمەڵایەتییەکان سزادرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ئاتوسا بابادی ڕۆژی ٤ی تشرینی دووەم لە لایەن بەڕێوبەری ئیتلاعاتەوە لە شاری سەبزێوەر دەستبەسەر کراوە، دوای دوو ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنەکەی بە یەکەی ئەمنی ڕاگیراوە، ئاتوسا بابادی بۆ زیندانی سەبزێوەر گواسترایەوە و تا ئێستاش هەر لەوێیە.

 

هیچ زانیارییەک هاوبەش نەکراوە

تا ئێستا هیچ وردەکارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنی، تۆمەتەکانی دژی، دۆخی ڕێوشوێنە یاساییەکانی، ئایا پارێزەری هەیە یان نا، بڵاونەکراوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە نازەنین عابدینی کفشگری، هاوڵاتییەکی بەهایی دانیشتووی شاری قایمشار بە ٣ ساڵ زیندان و ٨ ساڵ بێبەشکردنی مافە کۆمەڵایەتییەکان سزادراوە.

 

بە پێی ئەو بڕیارەی کە لە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لە لایەن ژووری یەکەمی دادگای ئینقلابی ساری بە سەرۆکایەتی عەمار ڕەزازانی، دادوەر دەرچووە، تۆمەتەکانی دژ بە نازەنین عابدینی بریتین لە ”پڕوپاگەندە دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران” و ‘پڕوپاگەندە بۆ گروپەکان یان ڕێکخراوەکان دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران”.

 

لەسەر چالاکی دەستگیرکراوە

بەپێی زانیارییەکان، دادگا بە پشتبەستن بە چالاکییە پەروەردەیی و ئایینییەکانی، وەک فێرکردنی بیروباوەڕی بەهایی بە منداڵان و بەشداریکردن لە چالاکییە ئۆنلاینییەکان، بە پێی بڕگەی دووەمی بەشی (بیس)ی تەواوکەری ماددەی ٥٠٠ی یاسای سزادانی ئیسلامی، نازەنین عابدینی کفشگری هاوڵاتیی بەهایی سزا داوە.

 

ئەم دوو دۆسیەیە تیشک دەخەنە سەر بەردەوامی دەستبەسەرکردن و نادیاری باری یاسایی تاکێک لە شاری سەبزێوەر و گرتن و بێبەشکردنی مافە کۆمەڵایەتییەکانی هاوڵاتییەکی بەهایی بەهۆی چالاکییە پەروەردەیی و ئایینییەکانییەوە.