بزووتنەوەیەکی ژنانی ئەفغانستان داوای ئازادکردنی شاعیری دەستبەسەرکراو موژدە ئۆزبەک دەکات

بزووتنەوەی "هاواری ژنان بۆ یەکسانی" نیگەرانی خۆی لە بەردەوامی دەستبەسەرکردنی موژدە ئۆزبەک، شاعیر و مامۆستا دەربڕی کە بەڕەچەڵەک تورکە و داوای ئازادکردنی بەپەلە و بێ مەرجی کرد و مسۆگەری بۆ پارێزراوی.

ناوەندی هەواڵ

 

نیگەرانییەکانی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان زیاتر دەبن بەهۆی سەرکوتکردنی بەردەوام کە ئازادی قسەکردن و کەسانی داهێنەر دەکاتە ئامانج، دەربڕینی ئازادی قسەکردن و بیروڕای سەربەخۆ بۆتە تاوانێک کە سزای دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای ئازادی ڕادەربڕین و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە.

 

ئەندامانی بزووتنەوەی "هاواری ژنان بۆ یەکسانی" ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و دەستگیرکردنی موژدە ئۆزبەکیان لەلایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە بە پێشێلکردنی مافەکانی ژنان شەرمەزار کرد، داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی ئازادی ڕادەربڕین کرد کە بە جددی چاودێری بارودۆخی ئەم شاعیرە و مامۆستایە بکەن، هەروەها هەنگاو بنێن بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرج و دڵنیابوون لە پارێزراوی و خۆشگوزەرانی لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا.

 

موژدە ئۆزبەک، شاعیر و نووسەر و مامۆستای بەڕەچەڵەک تورک، لە گوندی هەزەرباغی سەر بە ناوچەشاری خواجە غار سەر بە پارێزگای تەخار لەلایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە دەستبەسەرە و دواتر گواسترایەوە بۆ تالقان پایتەختی پارێزگاکە.

 

سەرچاوە هەواڵەکان پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە دەستگیرکردنی موژدە ئۆزبەک لە نووسینی شیعرەکانی ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی تاڵیبان و پەیوەندیی لەگەڵ راحلە دۆستوم، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پیرانی ئەفغانستان و کچی عەبدولڕەشید دۆستوم سەرچاوەیگرتووە.

 

هاوژینەکەی موژدە ئۆزبەک لە هەمان کاتدا دەستگیرکرا بەڵام چەند ڕۆژێک دواتر ئازادکرا، دوای نزیکەی دوو مانگ لە دەستگیرکردنی، زانیاری دروست و سەربەخۆ سەبارەت بە بارودۆخی و شوێنی مانەوە و توانای پەیوەندیکردن بە خێزانەکەی لەبەردەستدا نییە.

 

ڕادیۆ ئازادی بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایگەیاند، کە موژدە ئۆزبەک لە کاتی وانەوتنەوە لە ئامادەیی گوهرشاد بێگمی کچان لە ناوچەشاری خواجە غار دەستبەسەر و گواسترایەوە بۆ پایتەختی پارێزگای تەخار، بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، موژدە ئۆزبەک دایکی پێنج منداڵە و تا ئێستاش بنەماڵەکەی بە قووڵی نیگەرانن لە دۆخ و چارەنووسی، تا ئێستا بەرپرسانی تاڵیبان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەخستۆتە ڕوو بۆ دەستگیرکردنی ئەو ژنە و تۆمەتانەی کە ئاراستەی کراوە.