ژنان لە قامیشلۆ لە ئامادەکردنی ژەمەکانی ڕۆژانە بۆ شەڕڤانان لە بەرەکانی پێشەوە بەردەوامن

ەندامانی کۆنگرەی ستار لە شاری قامیشلۆ، بە ئامادەکردنی ژەمی ڕۆژانە لە بەرەکانی پێشەوە بۆ شەڕڤانان، پشتیوانی بەردەوامی خۆیان بۆ شەڕڤانان دووپات کردەوە، ئەوان ئەم دەستپێشخەرییە بە ئاماژەی هاودەنگی و بەرخۆدانی دەزانن، دەڵێن تا سەرکەوتن بەدەست نەهێنرێت ناوەستن

نەغم چاچان

 

قامیشلۆ- لە زۆرێک لە وڵاتان دابینکردنی پێداویستییەکانی شەڕڤانان لە شەڕی شۆڕشگێڕانەی گەلدا پێویستی سەرەکییە و ژنان هەمیشە ئەم ئەرکە پیرۆزەیان لە ئەستۆ گرتووە، لەم دواییانەدا ژنانی قامیشلۆ لە دابینکردنی خۆراک بۆ شەڕڤانانی بەرەکانی پێشەوە ڕۆڵێکی بەرچاویان بینیوە، ڕۆڵی ئەوان تەنیا لە شەڕکردندا سنووردار نییە، بەڵکو مۆڕاڵی شەڕڤانان بەرز دەکەنەوە بە ئامادەکردنی ژەمەکان کە وەک پەیامێکی بەهێزی پشتگیری ڕەوشتی و دەروونی کاردەکەن.

 

ژنانی قامیشلۆ خۆیان لە دڵی شەڕی ڕۆژانەدا دەبیننەوە، ماندوونەناسانە کاردەکەن بۆ ئامادەکردنی ژەمەکان بۆ شەڕڤانانی ژن و پیاو لە بەرەکانی پێشەوە، هیوا و ئاسوودەیییان تێدا دەچێنن، ئەم ژەمە خواردنانە زیاترن لە تەنها خواردن، ئەوان ئاماژەی هاودەنگی و بەرخۆدانن، وێنەیەکی خەباتێک تەواو دەکەن کە سنووری شەڕی چەکداری تێدەپەڕێنێت.

 

"تا دۆخەکە سەقامگیر نەبێت، ئەم کارە ڕاناگرین"

ئەندامانی کۆنگرەی ستار بەردەوامن لە ئامادەکردنی ژەمەکان بۆ شەڕڤانان، چ ژن و پیاو، جەخت لەسەر پشتیوانی بێوچانیان دەکەنەوە، کەوسەر حسێن، ئەندامی کارگێڕی کۆنگرە وتی: دوو ڕۆژ لەمەوبەر دەستمان کردووە بە ئامادەکردنی ژەمەکانی ڕۆژانە، کاتژمێر حەوتی بەیانی دەگەینە دامودەزگاکانمان بۆ ئامادەکردنی خواردنی شەڕڤانانمان، تا کۆتاییش لە تەنیشتیان دەوەستینەوە، وەک ئەندامانی کۆنگرەی ستار، لە شەودا بەشداری پاراستنی گەڕەک و شەقامەکانیش دەکەین، هەروەها جەختی لەسەر ئامادەیی ئەوان کردەوە بۆ ئەنجامدانی هەر ئەرکێک کە داوایان لێبکرێت بۆ پاراستنی خەڵک.

 

لەیلا حەسۆ، کارگێڕی کۆنگرەی ستار وتی: ژنان بەردەوامن لە ئامادەکردنی ژەمەکان بۆ شەڕڤانان ڕۆژانە، تا دۆخەکە سەقامگیر دەبێت ئەم کارە ڕاناگرن، هەروەها دەستپێشخەرییەکە دوو ڕۆژ لەمەوبەر دەستیپێکرد، نزیکەی ١٥ ژن بەشدارییان لە ئامادەکردنی خواردنەکەدا کردووە، تیمەکە ڕۆژانە گۆڕانکاری بەسەردا دێت لەگەڵ بەشداریکردنی ژنانی نوێ لە کۆنگرە و کۆمینەکان، بەهۆی ئەمەش ژمارەی بەشداربووان بەردەوام لە زیادبووندایە.

 

"کورد لە هەموو جیهاندا هەستاوە و یەکگرتوو بووە"

ئقلیما حسێن، ئەندامی کۆنگرەی ستاریش ڕایگەیاند، ژنان و دایکان بەردەوامن لە پشتیوانی ڕۆژانەیان بۆ شەڕڤانان، وتی: کەمپینەکە دوو ڕۆژ لەمەوبەر دەستیپێکرد، ژنان بەردەوام بەشداری لە ئامادەکردنی ژەمەکان دەکەن، لەکاتێکدا گەنجان بەرپرسیارن لە گواستنەوە و دابەشکردنی خواردنەکان، دایکانی بەتەمەنیش بەشداری لە چێشتلێنانەکەدا دەکەن، پشتگیرییەکە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەگرێتەوە کە ژنان، پیاوان، منداڵەکان.

 

دووپاتی کردەوە، کە ئەم دەستپێشخەرییە گوزارشت لە یەکڕیزی و بەرخۆدانی گەلی کوردستان دەکات، داوای لە شەڕڤانان کرد تا گەیشتن بە سەرکەوتن، زەمینەی خۆیان چۆڵ نەکەن، کورد چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات، بە یەکگرتوویی لە بەرامبەر ئاڵەنگاریەکاندا وەستاوە.

 

"ئێمە هاتووین خواردن بۆ شەڕڤانان بنێرین"

ناڤیا بتال، ئەندامی کۆنگرەی ستار پشتگیری بەردەوامی ژنانی بۆ شەڕڤانان پشتڕاستکردەوە بە ئامادەکردنی ژەمەکان بۆیان ڕۆژانە، وتی: هەموو ئەو ژنانەی بەشدارن لە چێشت لێنانەکەدا ئەندامی کۆنگرەن، ئەم کارە بە جۆش و خرۆشەوە ئەنجام دەدەن، شەڕڤانان بە کوڕی خۆیان دەزانن و تا کۆتایی پشتگیریان دەکەین، ئەوەی پێشکەشی دەکەین کەم دەمێنێتەوە لەڕووی هەوڵەوە بەبەراورد لەگەڵ ئەوەی شەڕڤانان بۆ پاراستنی خەڵک دەیکەن.