ژنان لە ڕاپەڕین: ڕێگە نادەین مینبەرەکان بکرێنە سەکۆی خزمەتکردن بە داگیرکەران و لێدان لە شکۆی ژن
لە دژی ئەو شەپۆلە لێدوان و وتارە توندڕەوانەی کە لەلایەن بەشێک لە مەلایانی ئایینییەوە دژی پێگەی ژن و تەڤگەری ئازادیی گەلی کورد دەدرێن، ژنان و چالاکوانانی دەڤەری ڕاپەڕین گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.
ڕاپەرین
دوێنێ ١٤ی کانوونی دووەم، لە پارکی گشتیی شاری ڕانیە، کۆمەڵێک لە ژنانی چالاکوان، بە بەشداریی ژمارەیەک لە نووسەران و توێژە جیاوازەکان، گردبوونەوەیەکیان دژی بەکارهێنانی ئایین بۆ مەرامی سیاسی و دژایەتیکردنی ژنان ئەنجامدا. ئەم ناڕەزایەتییە وەک وەڵامێک بوو بۆ ئەو وتار و فتوایانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن هەندێک مەلای ئایینییەوە لە هەرێمی کوردستان بڵاوکرانەوە، کە تیایدا هێرشیان کردبووە سەر دەستکەوتەکانی ژنان و تەڤگەری ئازادیخوازیی کورد.
لە گردبوونەوەکەدا ڕاگەیاندراوی ژنانی دەڤەرەکە لەلایەن چالاکوان ئاواز ئیسماعیلەوە خوێندرایەوەو تێیدا هاتووە: لە کاتێکدا گەلەکەمان ڕووبەڕووی پیلانێکی نێودەوڵەتی و هەرێمی بووەتەوە و داگیرکەران بە چەک و گەمارۆ لە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەکەماندان لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، جێگای داخە کەسانێک بە ناوی ئایین و بە زمانی کوردی، دەبنە دەمڕاستی سیاسەتی داگیرکەران و مینبەرەکان بۆ شکاندنی شکۆی ژنی کورد و لێدان لە پیرۆزییەکانی نیشتمان بەکار دەهێنن.
ڕاگەیاندراوەکە ئاماژەی بە مەترسیی ئەو زهنییەتە کرد و ڕایگەیاند: ئەو شێوازە قسەکردنەی هەندێک لە مەلایان پەیڕەوی دەکەن، درێژکراوەی هەمان ئەو زهنییەتە پیاوسالاری و داگیرکارییەیە کە دەیەوێت ژن لە کایەی گشتی و سیاسی دوور بخاتەوە و بیخاتەوە ژێر کۆت و بەندە کۆنەپەرستییەکان.
بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە کە تەڤگەری ئازادی ژن، کە ئەمڕۆ بووەتە قەڵغانی بەرگری لە کەرامەتی مرۆڤایەتی، بەم جۆرە فتوایانە لاواز نابێت، بەڵکو ئەم ڕەفتارانە ڕووی ڕاستەقینەی ئەوانە دەردەخات کە ئایین بۆ بەرژەوەندیی سیاسی و دژایەتی پرسی ڕەوای گەلەکەیان بەکار دەهێنن.
گردبوونەوەکە بە بەرزکردنەوەی دروشمی دژی کۆنەپەرستی و دووپاتکردنەوەی پشتیوانی بۆ خەباتی ژنان و بەرخودانی گەل لە دژی هێرشەکان کۆتایی هات.