ڕێبەری گەلی کورد: پابەندبوونی هەمیشەییم بۆ یادی سری سوورەیا ئۆندەر دەردەبڕم
ڕێبەری گەلی کورد پەیامێکی بۆ کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، کۆشش و ماندووبوونێکی لەبیرنەکراوی هەبوو بۆ پێکەوە ژیان لە ئاشتیدا، کاراماییەکی وەستایانەی هەبوو بۆ گۆڕینی نەڕێنییەکان بە ئەرێنی.

ناوەندی هەواڵ
سری سوورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمرالی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و جێگری پەرلەمانی تورکیا دوای ئەوەی لە شەوی ١٥ـی نیسان تووشی جەڵدەی دڵ بوو و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا و نەشتەرگەرییەکی قورس، کە ماوەکەی ١٢ کاتژمێر بوو، بۆ ئەنجامدرا، دوێنێ ٣ی ئایار لە نەخۆشخانە لە ئەستەنبوڵ کۆچی دوایی کرد.
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بەهۆی کۆچی دوایی سری سوورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمرالی دەم پارتی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاکردەوە.
دەقی پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەمشێوەیەیە:
“بە یادی سری سورەیا ئۆندەری ئازیز
بە ژیانئاوایی سری سوورەیا ئۆندەری ئازیز، خەمێکی قووڵ نیشتە سەر دڵمان. ئەو کەسێکی زۆر بەڕێز بوو، ڕۆڵەیەکی ڕاستەقینەی گەلان بوو. نەریتی ئەنادۆڵ و تورکمان ڕۆڵەیەکی گەورەی لەدەست دا، هەموو کۆمەڵگاکانی ناوچەکەمان و گەلەکانمان هاوڕێیەکی گەورەیان لەدەست دا. ڕێزێکی زۆرم بۆ یادی ئەو هەیە. لە ٢٧ـی شووباتدا، لە دوا دیدارماندا دوا ڕستەی کە بۆ بانگەوازەکەمان زیادمان کرد، بە دەستی خۆی تۆماری کردبوو و دەیویست خۆی بیخوێنێتەوە. کۆشش و ماندووبوونێک لەبیرنەکراوی هەبوو بۆ پێکەوە ژیان لە ئاشتیدا. کاراماییەکی وەستایانەی هەبوو بۆ گۆڕینی هەموو نەرێنییەکان بە ئەرێنی. ناسنامەیەکی ڕاستەقینەی ئاشتی و کەلتووری ئاشتی بوو.
ئەو زۆر باش دەیزانی کە ئاشتی و پرۆسەی ئاشتی چی بە هەموومان دەبەخشێت و ئەمەش حەسرەتی گەورەی ئەو بوو. ئەم هیوایە هەرگیز ناکرێت بە تەواونەکراوی بهێڵرێتەوە. ئەوەی بۆ هەموومان گرنگە، گواستنەوەی ئەم ڕۆحییەتەیە بۆ ئاشتی و تاجدارکردنییەتی بە ناوی سری سوورەیا ئۆندەر.
جارێکی تر پابەندبوونی هەمیشەییم بۆ یادی ئەو دەردەبڕم؛ سەرەخۆشی لە خێزانە بەڕێزەکەی، هاوڕێیانی، ئازیزانی و هەموو گەلەکانمان دەکەم.
پرسە و سەرەخۆشیم بۆ هەموومان.
عەبدوڵا ئۆجالان
٣ـی ئایاری ٢٠٢٥”