ژنە چالاکوانێک: لە سودان زیاتر لە ٥٥٠ ژن دەستدرێژییان کراوەتە سەر

سەلیمە ئیسحاق محەمەد خەلیفە، سەرۆکی ڕێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان و چالاکوان ڕایگەیاند، لە سەرەتای شەڕ و پێکدادانەکانی سودانەوە تا ئێستا زیاتر لە ٥٥٠ ژن لە لایەن هێزەکانی پشتیوانی خێراوە دەستدرێژییان کراوەتە سەر.

ناوەندی هەواڵ

 

 لە پێکدادانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، سەدان ژن و منداڵی کچ ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بوون، سەلیمە ئیسحاق، سەرۆکی ڕێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان و چالاکوان ئاماژەی بەوەکرد، ئەمە بە واتای پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ دێت.

 

 سەلیمە ئیسحاق دوێنێ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و بەبیری هێنایەوە کە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ وە دەستی پێکردووە، لەو کاتەوە زیاتر لە ٥٥٠ ژن و منداڵی کچ لەلایەن ئەندامانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەستدرێژییان کراوەتە سەر و ئەمەش بە بەڵگەنامە پشتڕاستکراوەتەوە.

 

 ئەم زانیاریانە دوای ئەوە هات کە ئەمریکا  هێزەکانی پشتیوانی خێرای بە تاوانی وەک دەستدرێژی و جۆرەکانی تری توندوتیژی سێکسی تۆمەتبار کرد، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ژمارانە لە ڕاپۆرتی پیشەگەرەکانی تەندروستی دەروونی وەرگیراون کە لە دامەزراوە پزیشکییەکان کاردەکەن بۆ یارمەتیدانی زیانبەرکەوتووانی دەستدرێژی،  ئەمە تەنها بەشێکی کەم لە هێرشە ڕاستەقینەکانی دژی ژنانە لەم کاتەدا، دەسەڵاتداران ڕایانگەیاند کە ناتوانن ئاگاداری هەموو ڕووداوەکان بن و وتیان: لەبەرئەوەی لە هەندێک بواردا پەیوەندی لەگەڵیان پچڕاوە و زۆرێک لە ژنان لە ترسی ئەوەی ببنە زیانبەرکەوتووی بڕیاری کۆمەڵایەتی، ئەو ئازارە بۆ ئێمە نادرکێنن، جگە لەوەش لە هەندێک ناوچەدا هیچ دامەزراوەیەکی تەندروستی نییە.

 

لەباربردنی منداڵ نایاساییە

سەلیمە ئیسحاق محەمەد خەلیفە ئەو زانیارییانەی پشتڕاستکردەوە کە لە نێوان ئەیلوولی ٢٠٢٣ تا نیسانی ٢٠٢٤، دەسەڵاتداران ڕەزامەندییان دەربڕی لەسەر لەباربردنی منداڵی ٣٦ ژن کە لەلایەن ئەندامانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە لە خەرتومی پایتەخت دەستدرێژییان کراوەتە سەر، هەر زوو دوای هێرشەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ سەر دەوڵەت، ١٠ ژن کە لە ویلایەتی گەزیرە کۆچیان کردبوو، منداڵەکانیان لەباربران، بۆ لەباربردنی منداڵ لە سودان ڕەزامەندی یاسایی پێویستە، لەباربردنی منداڵ تەنها کاتێک ڕێگەپێدراوە کە ژنێک لە ئەنجامی دەستدرێژی دووگیان بووبێت، یان کۆرپەلە نەتوانێت لە ژیاندا بمێنێتەوە یان مەترسی لەسەربێت.

 

تاوانی توندوتیژی سێکسی

دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا 'کۆمەڵکوژی'ی لە ناوچەی دارفور ئەنجامداوە و 'بە شێوەیەکی سیستماتیک' خەڵکی مەدەنی بەئامانج گرتووە، لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، کۆمیسیۆنی سەربەخۆی نێودەوڵەتی بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سودان، ڕێکخراوی هێزەکانی پشتیوانی خێرا و گروپەکانی بە دەستدرێژی و کۆیلایەتی سێکسی و دەستدرێژی دیکە تۆمەتبار کرد کە بە 'توندوتیژی سێکسی' پێناسەی کرد.