ڕژێمی ئێران لە سەرکوتکردن و بێدەنگکردنی ژنان بەردەوامە

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا بڵاویکردەوە، چارەنووسی دوو ژنی زیندانییکراو بە نادیاری ماوەتەوەو ژنێکی دیکە دەستگیر کراوە و یەکێکی دیکەش خراوەتە ژووری تاکەکەسی.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا سەبارەت بە بارودۆخی ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران ڕایگەیاند، فەریبا حوسێنی زیندانیی سیاسیی بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین دژی شەڕی ئێران و ئیسرائیل و بە بێ فەرمانی دادوەر ماوەی ١٧ ڕۆژە خراوەتە زیندانی عادل ئاباد لە شیراز و  ڕووبەڕووی تۆمەتی “پڕوپاگەندەی دژ بە دەوڵەت” بووەتەوە، لە بەرانبەر ئەو نادادپەروەرییە فەریبا حوسێنی ماوەی ١٢ ڕۆژە دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ژنێکی دیکە بە ناوی مەریەم دەلباری نووسەر و بەرپرسی پێشووی بەشی ڕۆشنبیری و هونەری ئابادان، کە لە ٧ی ئایاری ئەمساڵدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کرا، ماوەی دوو مانگە بە تۆمەتی"پرۆپاگەندە دژی دەوڵەت" بەبێ دانیشتنی دادگا خراوەتە زیندانی عادل ئاباد لە شیراز و چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە.

 

دەشڵێن، ئەو ژنە لە زینداندا ڕووبەڕووی کێشەی تەندرووستی بووەتەوە وەک خوێنبەربوون، گرێی مەمک، نەخۆشی قورگ و بەردی گورچیلە، هەروەها پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٩ دەستگیرکراوە و لە ئەنجامی ئەم سەرکوتکردنەی ئەمنییەکان، سزای ١٨ مانگ زیندانی و دوو ساڵ خزمەتی لە کۆلێژی ئاینی بەسەردا سەپێندرابوو.

 

باس لەوەشکراوە، لە ٧ـی تەممووزی ئەمساڵدا، ژنێکی بەهایی بە ناوی لاوا سەمیمی دانیشتووی شارۆچکەی جویباری سەر بە پارێزگای مازەندەران لەبەردەم زیندانی کاچۆیی لە ساری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرا و گواسترایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو ژنە پێشتر ئاگادار کرابووەوە سەردانی زیندانەکە بکات بۆ بینینی هاوژینەکەی، پاش گەیشتنی بۆ زیندانی کاچۆیی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا، لە کاتێکدا هاوژینەکەی بە ناوی “نۆیان حجازی” بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کراوە.

 

هەر لە ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا جەخت لەوە کراوەتەوە، لە ٦ـی تەممووزی ئەمساڵدا، ژنێکی زیندانیی سیاسیی بە ناوی زوهرە سەرو لە زیندانی قەرچەک وارمین بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ بۆ زیندانی تاکەکەسی گواستراوەتەوە، بەهۆی ڕەتکردنەوەی پابەند نەبوونی بە یاساکانی جلوبەرگی زۆرەملێ لە دانیشتنی دادگاکەیدا، هەروەها ئەو ژنە زیندانییە وەک کاردانەوەیەک دژی ئەو بڕیارە دەستی بە مانگرتن لە خواردن كردووە.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو ژنە زیندانییە سیاسییە ساڵی ٢٠٢١ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کرا و لە لقی ٢٦ ـی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی ” پیلانگێڕی و پڕوپاگەندە لە دژی دەوڵەت” بە حەوت ساڵ زیندانیکردن سزا درا.

 

ئەوەش لەكاتێكدایە، ڕۆژانە لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان ژنانی چالاکوان بە بیانووی جۆراوجۆر لە لایەن هێزە ئەمنیەكانی ئێرانەوە دەستگیر دەکرێن.

 

جێگای ئاماژەیە، بە وتەی چالاكوانان فشارەکانی ڕژێمی ئێران لەسەر کۆمەڵگەی بەهایی لە ئێران زیادیان کردووە، کە ڕووبەڕووی پشکنینی هەڕەمەکی، دەستگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و لەسێدارە بوونەتەوە.