ڕۆژبین بۆر: خۆپاراستن چەندە بەکۆمەڵ بێت ئەوەندە زیاتر ئەنجامی دەبێت
ڕۆژبین بۆر لەسەر پرسی خۆپاراستن نموونەی ڕۆژئاوای بۆ پاراستنی بەکۆمەڵ هێنایەوەو وتی: لە ڕۆژئاوا تەنیا ڕێکخراوێکی چەکداری نەبوو؛ لەوێ خوێندنگەیەکی ڕزگاریی ژنان سەریهەڵدا کە لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و زانستییەوە گەیشتووەتە ئاستێکی باش.
مەمیهان ھیلبین زەیدان
وان – لەو کاتەی لە تورکیادا توندوتیژی ڕوو لە زیادبوونە و میکانیزمەکانی پاراستنیش وەک پێویست نین، خۆپاراستن وەک کاریگەرترین ڕێگا بۆ مانەوە لە ژیان و پاراستنی مافی ژیان دەردەکەوێت، پەیڕەوکردنی خۆپاراستن کە وەک وەڵامێک بۆ ئەو توندوتیژییە سیستماتیکییەی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە پەرەی سەندووە، تەنیا بۆ خۆپاراستنی ژنان نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا پەرچەکردارێکیشە دژی نایەکسانی و بێسزایی. خۆپاراستن تەنیا بۆ بەرگریی تاکەکان یان کۆمەڵگەکان نییە لە دژی ئەو هێرشە فیزیکییانەی دەکرێنە سەریان، بەڵکو هۆشیارییەکە بۆ مانەوە و پاراستنی ناسنامەی خۆ لە دژی هەر جۆرە هەڕەشەیەکی دەروونی و توندوتیژی.
خۆپاراستن هۆشیارییەکە لە تێکۆشانی بووندا سەرهەڵدەدات
ڕۆژبین بۆر، چالاکوانی مافەکانی ژنان، ئاماژەی بەوە کرد کە زۆرجار خۆپاراستن تەنیا وەک بەرگرییەک لە بەرامبەر کارێکی فیزیکیدا دەبینرێت. ڕۆژبین جەختی لەوە کردەوە کە چوارچێوەکەی زۆر لەوە بەرفراوانترە و وتی: خۆپاراستن بابەتێکە پێویستە لە چوارچێوەیەکی بەرفراوانتردا چارەسەر بکرێت. خۆپاراستن تەنیا پەرچەکردارێک نییە لە بەرامبەر مەترسییەکی دەستبەجێدا، بەڵکو هۆشیارییەکە کە لە تێکۆشانی بوونی ژناندا دەردەکەوێت. ئەم هۆشیارییە بۆ ژنان هەم گرنگە و هەمیش سیاسییە. لە سادەترین شێوەیدا، خۆپاراستن توانای تاکێک یان گروپێکە بۆ بەرگریکردن لە دژی ئەو هەڕەشانەی دەکرێنە سەری. ئەم توانایە جارێک دەکرێت بە شێوەی کارێکی فیزیکی بێت، جارێک بە شێوەی یاسایی و جارێکی تریش بە زارەکی. ئەوە ڕەفتارێکی خۆڕسکە (ڕێفلێکس) کە بۆ وەستان لەسەر پێی خۆ پیشان دەدرێت.
بۆ ژنان خۆپاراستن واتە ناسینی مەترسی
ڕۆژبین بۆر ڕایگەیاند کە خۆپاراستن تەنیا ڕەفتارێکی بەرگریی نییە، ئەوەشی بەبیر هێنایەوە کە لە مێژوودا جەستەی ژنان هەمیشە لەژێر هێرش و داگیرکاریدا بووە و وتی: دەنگ و پێگەی ئەوان هەمیشە بە توندوتیژی کپ کراوەتەوە. ئەوان لەژێر میکانیزمێکی کۆنترۆڵکردنی بەردەوامدان. خۆپاراستن باسی گۆڕانکاریمان بۆ دەکات بەرەو جۆرێک لە بەرگری. بۆ ژنان، خۆپاراستن واتە ناسینی مەترسی، ناو لێنانی و توانای هەڵوێستوەرگرتن لە دژی، بۆ ئەوەی ئەو هەڵوێستە بەدەست بهێنن. ژنان لە شەقام، لە ماڵەوە، لە دامەزراوەکان، لە شوێنی کار و کایە گشتییەکاندا پێویستیان بە بەرگرییەکی لەو شێوەیە هەیە.
توندوتیژی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی عەقڵییەتی باوکسالارییە
ڕۆژبین بۆر تیشکی خستە سەر گرنگیی خۆپاراستن لە ژیانی ژناندا و ئاماژەی بەوە کرد کە ژنان لە تەمەنێکی زۆر گەنجییەوە ڕووبەڕووی هەموو لایەنەکانی توندوتیژی دەبنەوە و وتی: توندوتیژی دژی ژنان بەرهەمی کەسێکی لادەر، یان پیاوێک کە ناتوانێت کۆنترۆڵی توڕەیی خۆی بکات، یان پێکهاتەیەکی تر نییە. بەڵکو جۆرێکە لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی و عەقڵییەتی باوکسالاری، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن خودی ڕێساکانی باوکسالارییەوە پەرەی پێدەدرێت. ئەمە ڕووداوێکی زۆر ڕاستەقینە و ڕۆژانەیە. ساڵانە لە تورکیادا سەدان ژن دەکوژرێن. ئەم ژنانە لەلایەن نزیکترین خزمەکانی خۆیانەوە دەکوژرێن. ژنان لەناو ئەو پەیوەندییانەی کە دەبێت جێگەی متمانە بن، ڕووبەڕووی توندوتیژیی سیستماتیک دەبنەوە. توندوتیژی بۆ ژنان لە شەقام، لە ماڵ و لە هەر لایەنێکی ژیاندا خۆی دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەمانە هەموو ئەو ژینگانەن کە نائارامی بۆ ژنان دروست دەکەن و ناچاریان دەکەن کە بەڕێوەبەریی ئەو نائارامییە بکەن. ئەم ڕاستییە پێکهاتەییە، پاراستنی خۆی بۆ ژنان کردووە بە پێویستی. ئەم ڕاستییە دۆخەکە دەگۆڕێت بۆ پرسێکی بوونگەرایی.
ڕۆژبین بۆر لە درێژەی هەڵسەنگاندنەکانیدا تیشکی خستە سەر پێویستییەکانی خۆپاراستن و بەم شێوەیە دەری بڕی: هەرچەندە خۆپاراستن بۆ پیاوان حاڵەتێکی ناوازە بێت، بەڵام بۆ ژنان پێویستییەکی حەتمییە. ئەم نایەکسانییە بە ڕوونی ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی خۆپاراستن داواکارییەکی ژنانە. پاراستنی ماف بەو مانایەیە کە ژن قبوڵی دەکات جەستەی هی خۆیەتی و ناچار نییە بۆ پاراستنی پشت بە کەسانی تر ببەستێت. ئەگەر دەوڵەت، کۆمەڵگە، یان هیچ دەسەڵاتێک نەتوانێت ئەمە دابین بکات، ئەوا مافی ژن بۆ خۆپاراستنی بنەڕەتی، ڕەوا و پیرۆزە.
خۆپاراستنی فیزیکی؛ توندوتیژی لەو شوێنەی بە بێهێزی دەزانێت زەمینە دەدۆزێتەوە
ڕۆژبین بۆر جەختی لەوە کردەوە کە یەکەمین و بەرچاوترین لایەنی خۆپاراستن، فیزیکییە و ڕایگەیاند کە بەهۆی ئەم هۆشیارییەوە، ژنان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر هونەرەکانی جەنگ (بەرگری لەخۆکردن) هەڵدەبژێرن. ڕۆژبین لەسەر ڕێگاکانی خۆپاراستنی فیزیکی وتی:جگە لە هونەرەکانی جەنگ، دەنگ بەرزکردنەوە گرنگە. هاوبەشکردنی شوێنی خۆت لەگەڵ کەسێکی نزیکت کاتێک هەست بە نائارامی دەکەیت بۆ مسۆگەرکردنی دەستبەجێی ئاسایشەکەت، توانای ڕێگریکردن لە مەترسی پێشوەختە گرنگی خۆی هەیە.
ئەم بەرگرییە لە دژی توندوتیژی، متمانە بەخۆبوونیش لەناو ژناندا دروست دەکات. دەستێوەردانی فیزیکی، هەرچەندە ئەڵقەی کۆتایی خۆپاراستن بێت، بەڵام گرنگە. چونکە ژنێک کە بزانێت دەتوانێت بەرگری لە جەستەی خۆی بکات، هەڵوێستی، شێوازی ڕۆیشتنی و شێوازی دەنگ دەرهێنانی دەگۆڕێت. ئەمە تەنیا تەکنیکێک نییە، بەڵکو بنیاتنانی متمانەبەخۆبوونی فیزیکییە. لە هەمان کاتدا کاریگەرییەکی ڕێگریکارانەشی لە دژی توندوتیژی هەیە. توندوتیژی لەو شوێنەی کە بێهێزی تێدا دەبینێت، زەمینەیەکی بەهێزتر دەدۆزێتەوە.
خۆپاراستنی یاسایی و ڕێکارە ڕواڵەتییەکان
ڕۆژبین بۆر ئاماژەی بەوە کرد کە خۆپاراستنی یاسایی پشتگوێ دەخرێت، کەم دەزانرێت و کەمتر پەنای بۆ دەبرێت، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: میکانیزمی دەوڵەت ژنان لەم مافانە بێبەش دەکات، ئەم مافانە تەنیا لەسەر کاغەز هەن و تەنیا ڕێکاری ڕواڵەتین. پێویستە ژنان بزانن یاسای ژمارە ٦٢٨٤ لەسەر بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان چی دابین دەکات، مافەکانیان چییە، ئایا دەتوانن بڕیاری دوورخستنەوە و قەدەغەکردن بەدەست بهێنن، ئایا دەتوانن دۆسیە بکەنەوە، پرەنسیپی 'وتەی ژن بنەمایە' بە چ مانایەک دێت و پرۆسەی سکاڵاکردن چۆن کاردەکات. ڕێک لەم خاڵەدا ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی زۆر گرنگە. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە شێوازێک خزمەت دەکەن کە ژنان بەهێز دەکات، یاسا و ئەو مافانەی کە ژنان دەپارێزن زیاتر دەردەخەن و دەیانهێننە پێشەوە. بەم شێوەیە، من پێموایە ئەو کارانەی کە کراون زۆر بەهادارن.
ڕۆژبین بۆر جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ژنانەی لە منداڵییەوە توندوتیژی پشتگوێ دەخەن، لەلایەن کۆمەڵگەوە وەک ژنانی گونجاو و گوێڕایەڵ دەبینرێن و وتی: لێبوردەیی، پێکهاتن، بێدەنگبوون، تەحەمولکردن و قسەنەکردن وەک ژنێکی 'باش' ئەژمار دەکرێت. بۆ ژنان، چالاککردنی خۆپاراستن لە چاوی کۆمەڵگەدا وەک 'جادووگەری' دەبینرێت. سیستمی باوکسالاری تەنیا توندوتیژی فیزیکی لە دەرەوە بەکار ناهێنێت؛ بەڵکو لە ناوەوەش کار دەکات. لەو شوێنەی کە تێکۆشانی ژنان بەهێز دەبێت، پیاوان دەتوانن عەقڵییەتێکی نوێ دروست بکەن، بە عەقڵییەتێکی ڕاوچیانە تێگەیشتنێکی نوێ پەرە پێبدەن و بڵێن 'من دژی ژنان توندوتیژی بەکار ناهێنم'. ڕەنگە لەسەر دەموچاوی ژنەکە برینی بچووک دروست نەبن، بەڵام ئەوە لە هەر بوارێکدا بنەمای ئەو شتە دادەڕێژێت کە پێی دەڵێین توندوتیژی دەروونی.
خۆپاراستنی بەکۆمەڵ: مۆدێلی ڕۆژاوا
ڕۆژبین بۆر جەختی لەوە کردەوە کە بەهێزترین ئاست، خۆپاراستنی بەکۆمەڵە و ئاماژەی بەوە کرد کە خۆپاراستنی تاکەکەسی سنووردارێتی هەیە: کاتێک تۆ خۆپاراستنی تاکەکەسی دەکەیت، زۆر هۆکاری کۆمەڵایەتی هەن کە دەتوانن ڕێگریت لێبکەن. کۆمەڵگە دەتوانێت شەرمەزارت بکات بەهۆی ئەو خۆپاراستنەی نیشانی دەدەیت. بەڵام کاتێک ژنان پێکەوە ڕێکدەکەون، ئەم سنوورانە بەرفراوان دەبن. تۆڕەکانی هاوپشتی، زنجیرەکانی ئاسایشی ژنان لەسەر ئاستی گەڕەکەکان، سەندیکاکانی ژنان و کۆبوونەوەی دامەزراوەیی ژنان، هەموویان شێوازەکانی خۆپاراستنی بەکۆمەڵن.
ڕۆژبین بۆر نموونەیەکی لەسەر خۆپاراستنی بەکۆمەڵ هێنایەوە و وتی: بەهێزترین مۆدێل لە ڕۆژاوای کوردستان دەبینرێت. لە ڕۆژاوا، ژنان لە ژینگەیەکی شەڕدا خۆپاراستنیان بنیات نا. لە ڕۆژاوا تەنیا ڕێکخراوێکی چەکداری نەبوو؛ دەتوانین بڵێین قوتابخانەیەکی ڕزگاریی ژنان سەریهەڵدا کە لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و زانستییەوە گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر باش. لە هەمان کاتدا، ئەو پێکهاتانەی کە چاودێری دەکەن، دەپارێزن، کۆدەبنەوە و هەوڵدەدەن لە گەڕان بەدوای مافدا خاڵێکی هاوبەش بدۆزنەوە، دەکرێت لە تورکیا و لە سەرانسەری جیهاندا بنیات بنرێن و بنیاتیش دەنرێن. ڕێک لەوێدایە کە تێکۆشانی بەکۆمەڵ مانا پەیدا دەکات. ئەوە بریتییە لە گۆڕینی پاراستنی تاکەکەسی بۆ هێزێکی بەکۆمەڵ. بۆیە، زۆر بەهادار و پیرۆزە.
خۆپاراستن چەندە ڕێکخراو بێت ئەوەندە کاریگەرتر دەبێت
ڕۆژبین بۆر ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمەڵە و ڕێکخراوە بەکۆمەڵەکانی ژنان لە هەندێک ناوچەی ئەمریکای لاتین، مەکسیک و ئەرژەنتین خۆپاراستن دابین دەکەن. ڕۆژبین ڕایگەیاند کە ژنان پێکهاتەی بەکۆمەڵی خۆپاراستن دروست دەکەن، چونکە دەوڵەت یان لە دۆسیەکانی توندوتیژی دژی ژناندا بێلایەن نابێت یان دەستێوەردان ناکات. ڕۆژبین وتی: ژنان خۆیان دادپەروەری خۆیان دابین دەکەن. لە ئەوروپا، لە ئەڵمانیا، هۆڵەندا و وڵاتانی سکاندیناڤیا، خۆپاراستنی ژنان زیاتر لەسەر ئاستی دامەزراوەیی و بە ژێرخانێکی یاسایی دابین دەکرێت. بەڵام لە گەنگەشە فێمینیستییەکاندا، ڕەخنە هەیە کە ئەمە 'تەنیا لەسەر کاغەز دەمێنێتەوە'. میکانیزمێک بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان هێشتا وەک پێویست کار ناکات، بۆیە چ لە مۆدێلی ئەوروپیدا بێت یان لە ئەمریکای لاتین، کارنەکردنی یاسا و مانەوەی تەنیا لەسەر کاغەز، بۆ لەناوبردنی توندوتیژی بەس نییە. ئەم دۆخە خۆپاراستن لە هەندێک شوێندا دەکاتە ناچاری و پێویستی. خۆپاراستن چەندە بەکۆمەڵ، ڕێکخراو، بەهۆش و فرەلایەن بێت، ئەوەندە بەهێزتر و کاریگەرترە.
خۆپاراستن تێکۆشانی ژنانە بۆ مانەوە و بوون
ڕۆژبین بۆر باسی لەوە کرد کە ژنان لە ڕێگەی فێرکردنی ژنێکی باش دەبێت بێدەنگ، ڕازی، کەنەفت، دەستبەرداری مافەکانی بێت و مەترسی پشتگوێ بخات چەوسێنراونەتەوە و قسەکانی بەم شێوەیە کۆتایی پێهێنا: خۆپاراستن دژی ئەم فێرکردنە دەوەستێتەوە. خۆپاراستن ئەوەیە مرۆڤ دەنگی بەرز بکاتەوە، بڵێت 'نەخێر'، سنوور دابنێت و خاوەندارێتی لە جەستە و مێشکی خۆی بکات. ئەمانە هەموویان شێوازەکانی خۆپاراستنن. لە پشت هەمووشیانەوە هەمان بابەتی سیاسی هەیە: ئەو ژنەی کە بەها بە بوونی خۆی دەدات و ئەم بەهایەش بە تێکۆشان نیشان دەدات. خۆپاراستن پەرچەکردارێکی پێچەوانە نییە، بەڵکو تێکۆشانی بوونە، داواکارییەکە بۆ ئازادی. ئێمە ئەم داواکارییە بە دەنگێکی بەرز، بە شێوازی تاکەکەسی، دامەزراوەیی و ڕێکخراوەیی دەردەبڕین.