فریال خدر دوای ٩ ساڵ لە ڕفاندنی ڕزگارکرا و گەیشتەوە شەنگال

فریال خدر ئیبراهیم، دوای ٩ ساڵ لە ڕفاندنی بە هەوڵی هێزەکانی یەپەژە لە ڕۆژئاوای کوردستان لەدەست چەتەکانی داعش ڕزگارکراو دوێنێ لە مەراسیمێکدا لەلایەن یەژەشە و تاژێ-وە لە شەنگال پێشوازی لێکرا.

هێڤی ئێزدا

 

شەنگال- لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ لە ئەنجامی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر شەنگال بە هاوکاری دەوڵەتی تورک و هەڵهاتنی چەکدارانی پەدەکە، کۆمەڵگەی ئێزدی کۆمەڵکوژ کران و هەزاران ژن و منداڵ ڕفێندران، بەپێی زانیاریەکان هەتا ئێستاش نزیکی  دوو هەزار ژن و منداڵ لە دەستی چەتەکانی داعشدان.

 

ژنێکی ئێزیدی بەناوی "فریال خدر ئیبراهیم" کە لەگەڵ دایکی، دوو خوشک و برایەکی کەوتنە دەست چەکدارانی داعش، لە ۱۹ی ئەیلوول لەلایەن هێزەکانی یەپەژەوە ئازادکرا، پاش تەواوکردنی ڕێکارە پێویستەکان، دوێنێ ٢٩ی ئەیلوول، فریال بە جلوبەرگی کولتووری ئێزداییەوە، لە ناوەندی هێزەکانی هەسەدە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕادەستی فەرماندەکانی یەژەشە و یەبەشە کرا، هەر لەوکاتەدا گواسترایەوە بۆ زێدی لەدایکبوونی.

 

لە شەنگالیشەوە تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی و یەکینەکانی ژنانی شەنگال-یەژەشە، پەیوەندییان بە بنەماڵە و کەسوکاری فریالەوە کردبوو و لە مەراسیمێکدا ڕادەستیی خێزانەکەیان کردەوە، لە مەراسیمەکەدا برا و خزمەکانی فریال ئامادەبوون، لەسەر ناوی بنەماڵەکە زێدان خەلاف میچۆ وتی: زۆر دڵخۆشین، کە ئەمڕۆ کچەکەمان گەڕاوەتەوە لامان و لە دەستی ئەو چەتە دڕندانە ڕزگار کراوە، سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە، بە تایبەتی یەبەشە دەکەین، کە بەشداربوون لە ڕزگارکردنی.

 

ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە فریاڵ چوار کەسی دیکە لە خێزانەکەی، کە دایکی و دوو خوشک و برایەکی-ن لە ٢٠١٤دا کەوتنە دەستی چەتەکانی دعش، بەداخەوە هەر دوو خوشکەکەی کوژران وتیشی: زۆر باش دەزانین ئێمەی ئێزدی بۆ هەر شوێنێک بچین، هەر دەگەڕێینەوە سەر ماڵ و خاکی خۆمان، جگە لە شەنگال هیچ شوێنێکی ئەم جیهانە بۆ ئێمە جێگەی ژیان نییە، شەنگال شەنگالی پێشوو نییە، بەڵکوو زۆر لە پێشوو باشترە.

 

"باوەڕم نەدەکرد ڕۆژێک دەگەڕێمەوە ناو خێزانەکەم"

پاشان فریال  لەبارەی هەستەکانی و گەڕانەوەی بۆ شەنگال قسەی کرد وتی: زۆر دڵخۆشم، کە گەڕامەوە بۆ شوێن و خاکی خۆم و خێزانەکەمم بینی، باوەڕم نەدەکرد ڕۆژێک دێت و دەیانبینمەوە و بە سەلامەتی دەگەڕێمەوە ناو خێزانەکەم، زۆر سوپاسی هێزەکانی ئێزدخان دەکەم، کە بوون بە هۆکارێک جارێکیتر خێزانەکەم لە باوەش بگرم.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا فریال هیوای خواست هەموو ئەو ژن و کچانەی لە دەستی چەتەکاندان ڕزگار بکرێن و وەک ئەو، ئەو هەستی دڵخۆشی و گەڕانەوەیە بۆ ناو خێزان و بنەماڵەکانیان ئەزموون بکەن.

"ئومێدمان هەیە ڕۆژێک بێت هەموو ژنئێزدیی لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگار بکرێن"

دواتر نەعیم بەدیل لەسەر ناوی تاژێ قسەی کرد و وتی: بە ناوی تاژێ-وە بەخێرهاتنەوەی کچەکەمان دەکەین و زۆر دڵخۆشین، کە بە سەلامەتی گەیشتەوە ناو کۆمەڵگە و خێزانەکەی ،ئومێد و خواستمان هەیە ڕۆژێک بێت هەموو ژن و کچانی ئێزدیی لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگار بکرێن، وەک کۆمەڵگەی ئێزدی ئەمڕۆ دوو جەژنمان بەڕێوە برد، یەکێکیان ئاهەنگی شیبێل قاسم و ئەوەی تریان گەڕانەوە و سەلامەتی فریال-ە.

 

هەروەها سوپاسی هەموو ئەوانەی کرد کە لە هەوڵی ڕزگارکردنی کچان و ژنانی ئێزدی ڕۆڵیان هەیە، وتیشی: ئێمە وەکو تاژێ هەمیشە لە خەبات و بەرخۆداندا دەبین بۆ بنیادنانی ئایندەیەکی ئازاد بۆ ژنان.

 

پاش مەراسیمی پێشوازیکردن و بەخێرهاتنەوەکە، فریال چووە ماڵەکەی خۆی لە دیگورێ.