هێزە ئەمنییەکان ڕێگرییان لە گردبوونەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران کرد
سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی گردبوونەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ داواکردنی موچەی مانگی ئایار دەستیپێکرد، بەڵام بڵاوە بە گردبوونەوەکە کراو ژمارەیەک مامۆستاو فەرمانبەر لەگەڵ ڕاگەیاندنکاران دەستبەسەر کران.

سلێمانی
نزیکەی دوو مانگە مامۆستایان و فەرمانبەران لە چاوەرێی وەرگرنی موچەی مانگی ئایاردان، بەڵام وا مانگی حوزەیران کۆتایی دێت و تا ئێستا ڕوون نییە کەی موچە وردەگرن،
ئەمڕۆ ٢٦ی حوزەیران، لە شاری سلێمانی بەهۆی پێنەدان و دابەشنەکردنی موچەکانیانەوە مامۆستایان و فەرمانبەران لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا دەستیان بە گردبوونەوە کرد.
هاوكات، مامۆستایان و فەرمانبەران داوا دەكەن، حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم موچەكانیان لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا دابەش بكات.
هێزێكی زۆری ئەمنی کە لە بەشێكی شەقامەكانی سلێمانی بڵاوەیان پێكراوە، ڕێگرییان لە گردبوونەوەکە کردو ژمارەیەک مامۆستاو فەرمانبەریان دەستبەسەر کرد.
هەروەها رۆژنامەنووسان و کارمەندانی راگەیاندنیش دەستبەسەر کراون و سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان داوای ئازادکردنیان دەکات.