یونیسێف لە نێو ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران داوای پاراستنی منداڵان دەکات

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە کۆتاییەکانی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ەوە، شەپۆلێکی بەربڵاوی ناڕەزایەتی گەلیان بەهۆی قەیرانی ئابووری و داڕمانی تمەنەوە بەخۆە بینیوە، کە خۆپیشاندانەکان لە تارانی پایتەختەوە بۆ چەند شارێک تەشەنەی کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

 سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان ''یونیسێف''، لە ڕاگەیاندراوێکدا نیگەرانی قوڵی خۆی سەبارەت بە توندوتیژی دژی منداڵان لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕی و داوای پاراستنی هەموو منداڵانی کرد لە هەر جۆرە توندوتیژی و زیانێک.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا کە سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان ''یونیسێف'' ڕۆژی ١١ی کانوونی دووەم بڵاوی کردۆتەوە، ڕایگەیاند، کە "ژمارەیەکی زۆر لە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە منداڵان لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون و بریندار بوون"، بۆیە خوازیاری دەستەبەرکردنی پاراستنی هەموو منداڵان لە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و زیانێکە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختی لەوە کراوەتەوە، کە پاراستنی ژیان، ئازادی و خۆشگوزەرانی جەستەیی و دەروونی منداڵان زۆر گرنگە، دەسەڵاتدارانی ئێران، بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکان، پێکهاتەکان و بنەماڵەکان، پێویستە هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستنی منداڵان بگرنەبەر.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە پێویستە هێزە ئەمنییەکان خۆیان لە بەکارهێنانی هێزی ناڕەوا یان زیادەڕۆیی بەدوور بگرن، هەروەها نابێت منداڵان لە دۆخێکدا بەجێبهێڵدرێن کە مەترسییان لەسەر دروست بکات یان ئازادییان لێ زەوت بکات.