یونسێف: لە غەززە بەهۆی نەبوونی خۆراکەوە منداڵان گیان لەدەست دەدەن

ڕێکخراوی یونسێف ڕایگەیاند، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەلایەنی کەم ١٠ منداڵ لە غەززە گیانیان لەدەستداوە بەهۆی نەبوونی خۆراکەوە، منداڵان بە هێواشی لەبەردەم چاوی جیهاندا دەمرن بەهۆی نەبوونی خۆراکەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرش و گەمارۆکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بەردەوامە،  ئەدەل خۆدر، بەڕێوەبەری هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونسێف" بەیاننامەیەکی نوسراوی بڵاوکردەوە سەبارەت بە گیان لەدەستدانی منداڵان بەهۆی کەمی خۆراک لە غەززە.

 

"مردنی منداڵان ترسناکە"

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: نەبوونی خۆراک کەرتی غەززەی وێران کردووە و ترسی گیان لەدەستدانی منداڵانیش هەیە و لەم ڕۆژانەی دواییدا بەلایەنی کەمەوە ١٠ منداڵ بەهۆی بەدخۆراکی و لاوازییەوە لە نەخۆشخانەی کەمال ئەدڤان لە باکووری کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: لەوانەیە ژمارەیەکی زۆر لەو منداڵانە هەبن کە لە نەخۆشخانەکانی غەززە ماونەتەوە، هەروەها ژمارەیەکی زیاتریش لە منداڵان لە باکووری وڵاتەکە هەن کە ناتوانن چاودێرییان بکرێت، ئەو گیان لەدەستدانە تراژیدی و دڕندانەیە دەکرێت پێشبینی بکرێت و بە تەواوی ڕێگری لێبکرێت.

 

"خەڵک برسی و ماندوون"

لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە، نەبوونی خۆراک و ئاوی پاک و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و هەروەها نەبوونی دەستگەیشتن بە یارمەتییە مرۆییەکان کاریگەری لەسەر منداڵان و دایکان هەیە بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکوور، خەڵک برسی و ماندوون، بەپێی توێژینەوەیەک لەلایەن یونیسێف و بەرنامەی خۆراکی جیهانی "BFP" لە باکووری غەززە ئەنجامدراوە، ١٦%ی منداڵانی خوار تەمەن دوو ساڵ و ٥%ی منداڵانی شاری ڕەفەحی باشوور ڕووبەڕووی کەمی خۆراک دەبنەوە.

 

"ژیانی هەزاران ساواو منداڵ پشت بە ڕێوشوێنی بەپەلە دەبەستێت"

لە بەیاننامەکەدا داوا لە ڕێکخراوە مرۆییەکان کراوە دەرفەتی ئەوەیان پێبدرێت کە قەیرانی مرۆیی غەززە پێچەوانە بکەنەوە و ڕێگری لە برسێتی بکەن و ژیانی منداڵان ڕزگار بکەن، لە بەیاننامەکەدا هاتووە: لە غەززە، ئەو منداڵانەی خواردنی کەمیان هەیە بە هێواشی لەبەردەم چاوی جیهاندا گیان لەدەست دەدەن، ژیانی هەزاران منداڵ بەندە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە.