ئەو ژیانە نوێیەی لە کۆبانێ بونیاد نراوە هەمیشە ئومێد دەبێت بۆ ژنان'
ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی بە بۆنەی ١٠ ساڵەی ڕزگاری کۆبانێ، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو ژیانە نوێیەی کە لە کۆبانێدا بونیاد نراوە، هەمیشە ئومێد دەبێت بۆ ژنان.
ناوەندی هەواڵ
ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەل "دەم پارتی"، بە بۆنەی ١٠ ساڵەی ئازادکردنی کۆبانێ، ڕاگەیەندراوێکی بە ناوی "ژیان لە کۆبانێ بۆتە هیوا بۆ هەموو ژنان" بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: چەتەکانی داعش کە دوژمنی ژنانن، بە هاوکاری هێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان، ویستوویانە لە سەدەی ٢١دا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەنە تاریکی، ئەم چەتانە ١٠ ساڵ لەمەوبەر لە سایەی بەرخۆدانی قارەمانانەی ژنانی کۆبانێ لەم خاکە دەرکران، بەرخۆدانی گەورەی کۆبانێ کە لەژێر پێشەنگایەتی ژناندا سەریهەڵدا، وەک بەرخۆدان و شۆڕشی ژنان لە مێژوودا نووسرایەوە.
بەرخۆدانی داستانی و ئەو سەرکەوتنەی بەدەستهاتووە، نیشانی داوە کە گەل هەرگیز دەستبەرداری ئازادی خۆی نابێت، کۆبانێ، هێمای بەرخۆدان و ئازادی، شاری ژنانە، ئەوانەی جارێکی تر لە ڕێگەی چەتە بەکرێگیراوەکانەوە هێرش دەکەنە سەر کۆبانێ، پێویستە بزانن کە هیچ هێزێک ناتوانێت ڕێگای ئازادی ژن و گەلان و خەبات بۆ یەکسانی بوەستێت، ئەو ژیانە نوێیەی کە لە کۆبانێدا بونیاد نراوە، هەمیشە جێگای هیوای ژنان دەبێت، سڵاو لەو ژنانەی لە تاریکیدا بوونەتە ڕووناکی و پیشەنگ، سڵاو لەو کەسانەی لە ژێر سایەی شەڕدا کۆمەڵگەیەکیان بونیادنا، سڵاو لە شۆڕشی ژنان لە کۆبانێ.
ڕاگەیەندراوی لیژنەی م.ی.ک ی دەم پارتی:
لیژنەی بەڕێوەبەری ناوەندیی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەل (دەم پارتی) بە بۆنەی ١٠ ساڵەی ئازادکردنی کۆبانێ، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا یادی ١٠ ساڵەی سەرکەوتنی کۆبانێی بۆ هەموو مرۆڤایەتی بەرز کردەوە و تێیدا هاتووە: داعش کە لە سایەی دڕندەیی خۆیدا بەبێ هیچ بەرخۆدانێک لە هەموو شوێنێک خۆی دەسەپاندو تەنانەت دەوڵەتەکانیش نەیانتوانی بەرەنگاری ببنەوە، لە ڕۆژئاوا، لە کۆبانی گیری خواردبوو، گەلی کورد خاکی خۆی و ژیانی خۆی و کەرامەتی خۆی پاراست و شۆڕشگێڕە ئینتەرناسیۆنالیستەکانی خەباتیان بۆ ئازادی کرد و بە باوەڕیی و فیداکارییەکی زۆرەوە داعشیان لە کۆبانی تێکشکاند، بەم سەرکەوتنە بە پێشەنگایەتی ژنان، ژنان مێژووی بەرخۆدانیان نووسی و شۆڕشی ژنان بە هەموو جیهان ناسێندرا.
ئەوانەی نەیانتوانی ئەم سەرکەوتنە ڕابگرن، هێشتا هەوڵی ئەوە دەدەن کە داعش ئەمڕۆ نەیتوانی بیکات، هەموو هەوڵێک بۆ سەرکوتکردنی ژیان و مۆدێلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەرئەنجامی ئەم ڕەتکردنەوەیە، هێرشەکانی سەر بەنداوی تشرین و کۆبانێ درێژەپێدەری هێرشەکانی داعشە، بەڵام بەرخۆدان و ڕۆحی کۆبانێ ڕۆحی یەکسانی و ئازادی و پێکەوە ژیانە، دوژمنایەتی بەرامبەر کۆبانێ نەک هەر دژی گەلی کوردە، بەڵکو دژی هەموو گەلانی ئازادیخوازە، بەم بۆنەیەوە جارێکی تر ئاهەنگی سەرکەوتنی کۆبانێ دەگێڕین، فەلسەفە و باوەڕییە دروستکەرەکەی هەمیشە ڕێگاکە پیشانی مرۆڤایەتی دەدات، گەلەکەمان تا ئەو کاتەی هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئازاد دەبن، ئەم ڕێگایە دەگرنەبەر.