ئەڤین شاهین لە قامیشلۆوە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان دەناسێنێت
ئەڤین شاهین، خەڵکی شاری قامیشلۆ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی وێنەی دەستکەوتەکانی ژنان لە سەردەمی شۆڕشی ڕۆژئاوادا شۆڕشی ژنان دەناسێنێت.

شیرین محەمەد
قامیشلۆ- لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی ڕۆژئاوا کە بە شۆڕشی ژنان ناسراوە، تەڤگەرەکانی ژنان دەستیان کرد بە کردنەوەی دامەزراوەی تایبەت بە خۆیان بۆ پەروەردە و گەشەپێدانی ژنان لە بوارەکانی هونەر و ڕۆشنبیریدا، هەروەها ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هەزاران ژن ژیانی خۆیان بگۆڕن و بەدوای بوونی خۆیاندا بگەڕێن، ئەڤین شاهین تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی شاری قامیشلۆی سەر بە کانتۆنی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەرکی پەرەپێدانی شۆڕشی ژنانی لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ئەستۆ گرتووە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی بچووکی کار و هەوڵەکانی ژنان لە ناوچەکەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆیدا هەوڵدەدات شۆڕشی ژنان و گرنگییەکەی بە ژنان لە سەرانسەری جیهان بناسێنێت.
"من شۆڕشی ژنان بە ژنان دەناسێنم"
سەبارەت بە ئامانجەکانی بۆ بڵاوکردنەوەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا، ئەڤین شاهین وتی: من ڤیدیۆ ئامادە دەکەم، لەو ڕێگەیەوە هەوڵ دەدەم دامەزراوەکانی ژنان وەک دامەزراوەی ژنانی ئازاد بە ژنان و ژنانی گەنج بناسێنم. ئاشناکردنی ژنان بە کار و چالاکییەکانی دامەزراوەکانی ژنان ڕێگە بە گۆڕانی تێڕوانینی پیاوسالاری دەدات، من پڕۆژە و چالاکییەکانی ژنان وەک پەروەردەی ئایدیۆلۆژی و هونەری، گۆرانی وتن، شانۆ، وێنەکێشان و یاریکردن بڵاودەکەمەوە، ژنان داهێنەرن و دەتوانن کۆمەڵگە بونیاد بنێن.
"بەدوای وردەکارییەکانی گەشەپێدانی ژناندا دەگەڕێم"
ئەڤین شاهین جەختی لەوە کردەوە کە سەرسام بوو بە کار و هەوڵی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و وتی: سەرسام بووم بە شۆڕشی ژنان، بۆیە ویستم بەدواداچوون بۆ وردەکارییەکانی گەشەسەندنی ژنان لە ناوچەکەدا بکەم، ڕووم کردە ناوەند و دامەزراوەکانی ژنان بۆ بەڵگەنامەکردنی کارەکانیان، بۆ ئەوەی جێپەنجەیان لە مێژوودا بمێنێتەوە، هەروەها ڕێگەم خۆشکرد بۆ ئەوەی ژنان ڕوو لەو ناوەندانە بکەن و خەونەکانیان بەدیبهێنن گرنگە ژیانی ژنان لە ناوچەکەدا بگەیەنین بە ژنانی سووریا و جیهان و شۆڕشی ژنان بیانناسێنین.
"ناوەندەکانی ژنان بە بنەما بگیرێن"
ئەڤین شاهین سوودێکی زۆری لەو پەروەردە کولتوور و هونەرییە وەرگرتووە کە لەلایەن دەزگای ژنانی ئازادەوە پێشکەش دەکرێت لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: من فێری دەف ژەنین بووم، لە ڕێگەی ئەمەوە توانیم لە نزیکەوە بەدواداچوون و دۆکیۆمێنتکردنی وردەکارییەکانی پەروەردە بکەم، ئەم ناوەندە پاڵپشتی ژنانیش دەکات لە بوارەکانی دەروونی و کۆمەڵایەتی و هونەریدا، داوا لە هەموو ژنان دەکەم بۆ گەشەپێدانیان ڕوو لە دامودەزگاکانی ژنان بکەن، شۆڕشی ڕۆژئاوا دەرفەتی گەورەی بۆ ڕەخساندین و پێویستە بە باشی سوود لەم دەرفەتانە وەربگرین.