سوپای عێراق لە چوونە ناوەوەی شەنگالییەکان بۆ ناوەندی شار ڕێگری دەکات

دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو سوپای عێراق هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی یەبەشە و پشێوی لە شارەکەدا دروستکرد، سوپای عێراق ڕێگری لە چوونی شەنگالییەکان دەکات بۆ ناوەندی شارەکە، شانەگالییەکان کاردانەوەیان بەرامبەر بەو دۆخە هەبوو، دەڵێن: تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەن.

شەنگال

 

 بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی چاپەمەنی و زانیاری یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال "یەبەشە" شەوی ڕابردوو سوپای عێراق هێرشی کردە سەر تیمێکی سەر بە یەبەشە لە ناوەندی شاری شەنگال لە گەڕەکی یارموک لە شەنگال و لە ئەنجامدا پشێوی دروستبوو.

 

سوپای عێراق لە شەوی ڕابردووەوە سەرجەم ڕێگاکانی نێوان گوندەکە و شەنگال دادەخات و ڕێگری لە تێپەڕبوونی هەر کەسێک دەکات، خەڵکی شەنگال بە پێشنەگایەتی ژنان بەرەو ناوەندی شار ڕۆیشتن،  بەڵام لە دەروازەی عامود، سەرووی چیای شەنگال لەلایەن سوپای عێراقەوە ڕاگیران.

 

هەرچەندە سوپای عێراق بەهەموو هێز و چەکەوە لەدژی خەڵکی شەنگال وەستاوە و ڕێگای ئەوانی گرتووە، بەڵام گەلی شەنگال هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ بەزاندنی سنوور و گەیشتن بە ناوەندی شار، خەڵکی شەنگال بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی یەبەشە" لە بازگەکان بەرخۆدان دەکەن.

 

"سوپای عێراق منداڵەکانی ئێمەی بریندار کردووە"

کنێ خدر، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی سەردەشت لە شەنگال، یەکێکە لەو ژنانەی کە بە هەموو توانای خۆیەوە لە بازگەکانی عامود لەسەر شاخی شەنگال بەرخۆدان دەکات و بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد و وتی: ئێمە ئێزدیین و پارێزەری خاکەکەمانین، ئەمڕۆ سوپای عێراق منداڵەکانمانی بریندار کرد، دەمانەوێت بچینە ناوەندی شار بەڵام ئەوان ڕێگەمان پێنادەن هێزەکان.

 

"ئەوە خاکی ئێمەیە، ئەوە شەنگالەکەمانە"

قیمەت فەقیر، ئەندامی ئەنجومەنی سەردەشت قیمەت فەقیر ڕایگەیاند کە تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەن و وتی: منداڵەکانی یەبەشەمان لە شەنگال بریندارن، ڕێگەمان پێنادەن بچینە شەنگال، بۆچی سوپای عێراق شەڕی نەکرد کاتێک داعش هێرشی کرد؟ ئێمە بە خوێنی خۆمان خاکەکەمان پاراست. با بزانن کە ئێمە ئەم خاکەمان ئازاد کرد و ئەوان هاتن،  ئێمە ناتوانین لە ناو شەنگالدا بجوڵێین، بەبێ ناسنامە، ئەمە شتێکی زۆر خراپە ئێمە تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین و گرنگ نییە چی ڕووبدات، ئێمە لێرە دەبین.