عەیشان دوای دوو فەرمان و دیلبوون ژیانی شەنگال هەڵدەبژێرێت

ژنێکی ئێزئدی، عەیشان کە لە ساڵی ٢٠١٨ لە دەستی چەتەکان ڕزگارکرا و ڕەوانەی ئەڵمانیا کرا، بەهۆی ئەو کارە نەرێنییانەی بەرامبەری ئەنجامدرا، بڕیاری گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی دا و بە هاوکاریی چەتری ژنانی ئێزیدی و تاژێ گەڕایەوە بۆ شەنگال.

جیلان ڕۆژ

 

شەنگال - لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال، هەزاران کەس کوژران و ئاوارە بوون و هەزاران ژنیش لەلایەن چەتەکانەوە بە دیل گیران، لەو کۆمەڵکوژییەی کە کۆمەڵگەی ئێزدی بە فەرمانی ٧٤ ناوی دەبەن، عەیشان عەلی ساڵح، کە لە فەرمانی ٧٤ لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ڕفێندرابوو، لە ساڵی ٢٠١٨ ڕزگارکرا و چووە ئەڵمانیا و دواتر گەڕایەوە بۆ شەنگال.

 

چوار ساڵ دیل بوون

عەیشان عەلی ساڵح یەکێکە لەو ژنانەی کە لەڕۆژی فەرمانی ٧٤دا لەلایەن داعشەوە گیرا، دوای ئەوەی لەلایەن چەتەکانەوە دەگیرێت، لەگەڵ سەدان ژنی ئێزدی دەیانبەنە دێرەزوور، بۆ ماوەی چوار ساڵ لە دەستی چەتەکاندا مایەوە، تووشی ئەشکەنجە و دڕندەیی زۆر بوو و لە ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن شەڕڤانانی قەسەدە و یەپەژە ڕزگارکرا، دوای ڕزگارکردنی، عەیشان ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە و گەڕێندرایەوە بۆ شەنگال.

 

٦ ساڵ مانەوەی لە ئەڵمانیا و گەڕانەوە بۆ شەنگال

دوای ئەو فەرمانە، دەزگاکانی دەوڵەتە نێودەوڵەتییەکان، بە وتنی "ئێمە هاوکاریتان دەکەین" زۆرێک لە ژنانی ئێزدییان فریو دا کە لە دەستی چەتەکان ڕزگارکرابوون و لە شەنگال دەریانهێناون، پەدەکە و دەوڵەتی تورکیا ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم یارییە نێودەوڵەتییەن، بەتایبەتی دوای فەرمانی پەدەکە و دەوڵەتی تورک، هێزە نێودەوڵەتییەکان بەمەبەستی چۆڵکردنی شەنگال، بۆ لەناوبردنی کولتووری کۆمەڵگەی ئێزیدی، بە ناوی هاوکاری و پاڵپشتی دەروونی، زۆرێک لە ژنانی ئێزیدی کە لە دەستی چەتەکان ڕزگارکرابوون، بردیاننە دەرەوەی وڵات، بردیانن بۆ ئەوروپا.

 

عەیشان، کە دوای چوار ساڵ دیلبوون، وەک ئەوەی فەرمانی ٧٤ بە سیاسەتی جیاواز لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدی هێشتا بەردەوام بێت، دوای ماوەیەک دامودەزگا و دەزگاکانی دەوڵەتە نێودەوڵەتییەکان لەژێر ناوی پاڵپشتی دەروونییەوە دەیبەنە ئەڵمانیا، عەیشان نزیکەی ٦ ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی، بەڵام ئەو دامەزراو و دەزگایانەی بەڵێنیان دابوو پاڵپشتی بکەن، یارمەتی نادەن و بە تەنیا لە نەخۆشخانەی دەروونی بەجێی دەهێڵن، چەتری ئەنجومەنی ژنانی ئێزیدی ئەڵمانیا ئاگاداری عەیشان دەبێت و لە هەموو بابەتێکدا هاوکاری دەکات، دوای ماوەیەک عەیشان بڕیار دەدات بە تەواوی بگەڕێتەوە بۆ شەنگال و ئەنجومەنیش هەموو شتە فەرمییەکانی ئامادە دەکات و دەینێرێتەوە بۆ شەنگال، بەڵام لە تەواوی ئەم پڕۆسەیەدا ئەنجومەنی ژنانی ئێزیدی ئەڵمانیا پەیوەندی بە تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ)یشەوە هەیە، بە هاوکاری هەردوولایەن، عەیشان بە تەواوی گەڕایەوە بۆ شەنگال بۆلای خۆشک و براکەی.

 

عەیشان لە کاتی گەیشتن بە شەنگال لەلایەن ناوەندی تاژێ پێشوازی لێکرا و دواتر ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا، عەیشان هەستی بە ئامادەیی نەدەکرد قسە لەگەڵ میدیاکان بکات.

 

"بە فێڵە قیزەونەکانی دوژمن مەخەڵەتێن"

نەعیم بەدەل، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تاژێ کەخۆی  پێشوازی لە عەیشان کرد، وتی: ئەمڕۆ ئەو ژنە ئێزدییەی کە لەلایەن چەتەکانەوە گیرا و لەلایەن شەڕڤانانی قەسەدە ڕزگارکرابوو، لە ئەڵمانیاوە گەڕاوەتەوە بۆ شەنگال، لەڕۆژی فەرمانەکەدا، خۆی و براکەی، بووکەکەیان و منداڵەکانی براکەی لەلایەن داعشەوە دەستگیرکراون، بەڵام چەتەکان برا و ژنبراکەی دەکوژن، تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر منداڵی براکانی نییە، لە ساڵی ٢٠١٨دا عەیشان لە دەستی چەتەکان ڕزگاری بوو لە لایەن هێزەکانی قەسەدە گەڕایەوە بۆ شەنگال، بەڵام دوای ماوەیەک هەندێک کەس لەژێر ناوی دامەزراوەکانەوە، بەهۆی تەندروستی و باری دەروونییەوە ڕەوانەی ئەڵمانیان کرد، تەنانەت لە ئەڵمانیاش ئەو دەزگایەی کە بردبووی هیچ خاوەندارێیتیان لێ نەکردبوو.

 

لە ئەڵمانیا گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی دەروونی و لەوێ هێڵدراوەتەوە، بۆیە ئەنجومەنی ژنانی ئێزیدی ئەڵمانیا ئاگاداری دەبێت و لە نەخۆشخانە دەیباتە دەرەوە و دەیباتەوە ماڵەوە، بۆ ماوەیەک لەگەڵ ئەنجومەنەکە دەمێنێتەوە و دوایی بڕیاڕی گەڕانەوە بۆ شەنگال دەدات، لەسەر بڕیار و داواکارییەکەی، ئەنجومەنی ژنانی ئێزدیئەڵمانیا هەموو شتە فەرمییەکانی ئامادەکرد و هەموو دەرفەتێکی ماددی و مەعنەوی فەراهەم کرد، هەروەها وەک تاژێ ئەمڕۆ ڕادەستی خوشکەکەیمان کرد، ئێمە چاوەڕێی گەلەکەمان دەکەین ئاگاداری منداڵەکانیان بن کە لەدەستی چەتەکانی داعش ڕزگاریان بووە و هەروەها، وەک تەڤگەری ژنانی ئێزیدی، هەوڵدەدەین لەڕێگەی چالاکییەکانی دامەزراوەی ژنانەوە چاودێری دۆخی ژنانی دیل بکەین.

 

نەعیم بەدەل لە کۆتایی قسەکانیدا بانگەوازی بۆ ئەو ژنانە کرد کە لە دەستی چەتەکان ڕزگارکراون و داوای لە گەنجانی ئێزیدی کرد کە بە فێڵە قێزەونەکانی دوژمن فریو نەخۆن، نەچنە دەرەوەی شەنگال و بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.