گەنجان لە ڕێگەی هەڵمەتەکانەوە هۆشیاری لە دژی شەڕی تایبەت بەرز دەکەنەوە

هێڤا بەکر، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەنجان و وەرزشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا باسی لە کاریگەری شەڕی تایبەت لەسەر گەنجان کرد و وتی: پێویستە گەنجانی وڵاتەکەمان لە سیاسەتەکانی شەڕی تایبەت بپارێزین.

سیبیلیا ئیبراهیم

 

ڕەققە- دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاد دەکات، دەوڵەتی تورکیا ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر گوند و شارۆچکەکان و گەلی دانیشتووی ئێرە دەکاتە ئامانج و ژن و منداڵ دەڕفێنێت و سروشت تاڵان دەکات.

 

هێرشە جەستەییەکان بۆ سەر هەرێم لە هەموو لایەکەوە بەردەوامە، بە ڕێگەی شەڕی تایبەت هەوڵی شکاندنی ئیرادەی گەنجان و ژنان دەدرێت، دەیانەوێت لە ڕێگەی شێوازەکانی وەک مادەی هۆشبەر و لەشفرۆشی سیخوڕی لە ناوچەکەدا پەرە پێبدەن، جگە لەوەش ئەنجومەنی گەنجان و وەرزشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا مەشق و پەروەردەو سەردان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش و لەدژی سیاسەتە تایبەتەکانی شەڕ لەسەر گەنجان ڕێکدەخات.

 

هێڤا بەکر، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەنجان و وەرزشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەبارەت بە سیاسەتەکانی شەڕی تایبەت لەسەر گەنجان، خەبات دژی ئەو سیاسەتانە بۆ دەزگاکەمان قسەی کرد.

 

"هەموو ڕۆژێک هەرێمەکەمان ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە"

 لە سەرەتای قسەکانیدا، هێڤا بەکر سەرنجی بۆ هێرشەکانی سەر ناوچەکە ڕاکێشا و وتی: هەموو ڕۆژێک ناوچەکە ڕووبەڕووی هێرش و دەستوەردانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی دەبێتەوە، لە ئەنجامی ئەمانەدا هاووڵاتییەکی زۆر دەکوژرێن و بریندار دەبن، بەم هێرشانە دەیانەوێت ئاژاوە و ترس لە دڵی هاووڵاتیاندا دروست بکەن، هاوکات لەگەڵ شەڕی سەربازی، شەڕێکی تایبەتیش لە دژی خەڵکی ناوچەکە بە تایبەت لە دژی گەنجان هەیە. دوژمن دەیەوێت مێشکی گەنجان خاڵی بکاتەوە و بیرۆکە بەپێی بەرژەوەندی خۆیان لە مێشکیاندا بچێنن، بەم کردەوانە دەیەوێت دەستکەوتەکانی شۆڕش کە لەسەر بنەمای نەتەوەی دیموکراتیک دامەزرا، لەناو ببات، سەرەڕای هەموو ئەم پێشێلکاریانە، ئێمە ڕەتکردنەوەی گەل لەم سیاسەتانە دەبینین.

 

"زۆر لایەن دەیانەوێت ئارامی هەرێم تێکبدەن"

 لە درێژەی قسەکانیدا هێڤا بەکر وتی: سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە و سیستمی ئێمە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جێبەجێ کراوە و لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە، ئەم سیستمە گونجاوترین سیستمە بۆ چارەسەرکردنی کەیسەکان و سەپاندنی دۆخی یەکسانی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، دەوڵەتی تورکیا یان حکومەتی شام و هەموو لایەک دەستکەوتەکانی ناوچەکەمان نابینن و هەوڵی دوورخستنەوەی گەنجان لە سروشت و کۆمەڵگەی خۆیان دەدەن، ئەو لایەنانە هەوڵ دەدەن بەشی گەنجان بکەنە کەرەستەیەک بۆ بەرژەوەندی خۆیان و دووریان بخەنەوە لە ڕاستی خۆیان، نموونەی ئەوەش دیاردەی چوونی گەنجان بۆ وڵاتانی ئەوروپایە.

 

"دەبێت گەنجان لە شەڕی تایبەت ئاگادار بکەینەوە و پەروەردەیان بکەین"

هێڤا بەکر سەرنجی بۆ کەسایەتی گەنجان ڕاکێشا و ڕایگەیاند، گەنجان بە خێرایی دەچنە ژێر کاریگەری دەوروبەرەکەیانەوە، هەر بۆیە زۆر تۆڕی سیخوڕیمان لە ناوچەکە بینیوە لەلایەن خەڵکی ناوخۆوە، بۆیە دەکرێ بڵێین وڵاتانی سەرمایەداری هەوڵی ئەوە دەدەن گەنجان بکەنە ئامانج وتیشی: ئەوەی لە ئێمە داوا دەکرێت ئەوەیە کە گەنجان لەم سیاسەتە ئاگادار بکەینەوە و پەروەردەیان بکەین، لە ڕوانگەی سەرەکی خۆمانەوە دەبێت گەنجان بپارێزین، هەر بۆیە هەوڵماندا بە هەموو شێوەیەک ئاگاداریان بکەینەوە.

 

هێڤا بەکر لە کۆتاییدا وتی: هەرگیز ڕادەست نابین، گەنجانی وڵاتەکەمان دەپارێزین و پەروەردەیان دەکەین، هەروەها دەبێت گەنجان ئاگادار بکەینەوە لە مەترسییەکانی نەخۆشییە دەروونییەکان، هاوسەرگیری پێشوەختە، کۆچکردن و هەموو شتە نەرێنییەکان.