ئێران، سێیەم وڵاتی سەرکوتکردنی ئازادی ئینتەرنێتە لە جیهاندا

ماڵی ئازادی له ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، له دوای چین و میانمار، ئێران کەمترین ئاستی ئازادی ئینتەرنێتی له جیهاندا هەیه.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی "ماڵی ئازادی" کە لە بواری دیموکراسیدا چالاکە، لەڕاپۆرتێکی نوێدا لە ژێر ناوی "ئازادیی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٤" ڕایگەیاند، ئێران لە دوای چین و میانمارەوە نزمترین ئاستی ئازادی ئینتەرنێتی لە جیهاندا هەیە.

 

بەگوێرەی ڕێکخراوەکە، لە سەروبەندی هەڵبژاردنی ٢٠٢٤ی سەرۆک کۆماری، کە بۆ ڕاگەیاندنی جێنشینی ئیبراهیم ڕەئیسی بەڕێوەچوو، ڕژێمی ئێران بڵاوکردنەوەی هەر ناوەڕۆکێک کە هاندەری بایکۆتکردنی هەڵبژاردن، بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتی، یان ڕەخنەگرتن لەبەربژێرەکانی بە تاوان ناساند، لانیکەم لایەنێک لە جێبەجێکردنی ئەم پەیڕەوانە بریتی بووە لە زیادکردنی بەشداریکردن و شەرعیەتدان بە هەڵبژاردنێک کە تێیدا زۆربەی بەربژێرەکان بە ئارەزووی دەسەڵاتداران لە هەڵبژاردن بێبەشکراون.

 

هەروەها دەسەڵاتی قەزایی ڕژێمی ئیسلامی هۆشداری داوەتە بەربژێرەکانی هەڵبژاردن و لایەنگرانیان کەئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانەی لە لایەن ئێرانەوە داخراون، بەکار نەهێنن.

 

هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەکانی ڕژێمی ئێران کردووە لە کەڵک وەرگرتن لە زیرەکی دەستکرد بۆ پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و ڕایگەیاندووە ڕێکخراوی "Open AI" کە لە بواری زیرەکی دەستکرددا چالاکە، پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی چین، ئێران ، ڕووسیا، و ئیسرائیل هەیە سەبارەت بە بەکارهێنانی "چات جی پی تی" لە پێوەندی لەگەڵ کاریگەریکردن لەسەر هەڵبژاردنەکان دژایەتی کردووە و ڕێگری لە بەکارهێنانیان کردووە.

 

لەڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوەدا بە ئاماژەدان بە "هەڵبژاردنی گوماناوی و ململانێی چەکداری" لە ئێران، ئەم وڵاتەی وەک وڵاتێکی خاوەن "نیزامێکی ستەمکار" ڕاگەیاندووە.

 

"ماڵی ئازادی" پێشتر ڕژێمی ئیسلامی ئێرانی وەک یەکێک لە پێشێلکارانی ئازادی لە جیهاندا ناساندبوو و بە وڵاتێکی "نائازاد" ناوی بردووە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، دۆخی ئینتەرنێتی ٧٢ وڵاتی تاوتوێ کردووە، چین و میانمار لەڕووی ئازادی ئینتەرنێتەوە لە کۆتایی ئەم لیستەدا جێیان گرتووە و ئێران و ڕووسیاش لە دوای ئەم دوو وڵاتە لە خوارەوەی ئەم لیستە جێدەگرن، وڵاتانی ئایسلەندا، ئیستۆنیا، کەنەدا و شیلی زۆرترین ئازادی ئینتەرنێتیان هەیە لە جیهاندا.