دایکی ژینا ئەمینی: ڕۆژێک ڕاستی هەر دەدرەوشێتەوە
لە چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”دا، دایکی ژینا ئەمینی، بە پەیامێک یادی کچە شەهیدەکەی و هەزاران شەهیدی تری زیندوو کردەوە، کە ناوی ژینا و خوێنی ئەوان بووەتە هێمای داواکاری بۆ ڕاستی و دادپەروەری.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ موژگان ئێفتێخاری دایکی شەهید ژینا ئەمینی لە چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادی” لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێنستاگرام پەیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، ژینای هەتا هەتاییم، ژینای ڕوونکەوەوەی هەموو جیهانم، ڕووناکیی هەردوو چاوم، ٢١ ساڵ دایکایەتیم کرد، چوار ساڵە بیرەوەرییەکانت وەک باوەشێکی گەرم و دڵسۆزیی دایکانە، ئۆقەرییم پێ دەبەخشێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، جارێکیان تۆم هێنایە دوونیا و جارێکی تر لە ئازاری بێ کۆتاییی نەبوونتدا لەدایک بوومەوە، هەروەها لە لەدایکبوونت مانایەک و بە ڕۆیشتنت هەزار مانا لەدوای خۆت بە جێ هێشت، دڵتەنگییەکانیشمم خۆشدەوێت، چونکە لە تۆوە بەجێماوە.
دایکی ژینا ئەمینی لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، کچەکەی بە “پاڵەوانی من” ناوبرد و نووسیویەتی، باوەڕم وایە ڕۆژێ دادپەروەری دێت کە دڵی هەموو دایکێک لە ژێر ڕووناکیی ڕاستییەکان ڕوون دەبێتەوە، تا ئەو کاتە با تۆ بەسەر هەموو شەوانی ئێمەدا بدرەوشیتەوە.
ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سەقز بوو، کە لە ١٣ ئەیلوولی ٢٠٢٢، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەستگیرکرا و دواتر کوژرا، لێژنەی ئاشکراکردنی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دواتر ڕایگەیاندبوو، مردنی ژینا ئاسایی نەبوو و پاش توندوتیژیی جەستەیی لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا ڕوویداوە.
کوژرانی ژینا ئەمینی بووە هۆی دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە فراوان و سەرانسەرییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ناوی ئەو بووە یەکێک لە هێما سەرەکییەکانی ئەو ناڕەزایەتییە.