تاڵیبان ڕێگری دەکات لەوەی منداڵانی کچی سەروو ١٢ ساڵ لە پەیمانگای کابول بۆ نابیستەکان ناویان تۆمار بکەن

تاڵیبان خوێندنی منداڵانی کچی نابیستی لە سەرووی ١٢ ساڵ لە پەیمانگای کابول بۆ پەروەردەی تەکنیکی و پیشەیی بۆ نابیستەکان کە بە "پەیمانگای پیشەیی کابول بۆ نابیستەکان" ناسراوە، تا ئاگادارکردنەوەی زیاتر ڕاگرت، هەنگاوێکە کە سنووردارکردنی خوێندن فراوانتر دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

کابول شاهیدی پەرەسەندنی سنووردارکردنەکانی خوێندنی منداڵانی کچانە، بڕیاری نوێ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنیان بە ناوەندەکانی خوێندن و ڕاهێنان، ئەو ئاڵەنگارییانەی خراپتر دەکات کە لە ژێر سیاسەتە بەردەوامەکاندا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە کە پێشێلی مافی خوێندن و گەشەپێدانیان دەکەن.

 

تاڵیبان لە پەیمانگای کابول بۆ پەروەردەی تەکنیکی و پیشەیی بۆ نابیستەکان کە بە "پەیمانگای پیشەیی کابول بۆ نابیستەکان"ناسراوە، خوێندنی منداڵانی کچی نابیستی لە سەرووی ١٢ ساڵەوە ڕاگرت تا ئاگادارکردنەوەی زیاتر، ئەم هەنگاوە سنووردارکردنەکانی خوێندنی منداڵانی کچ فراوانتر دەکات بۆ ئەوەی سەنتەرێکی تایبەتمەند لە خزمەتگوزارییەکانی کەمئەندامان بکرێتەوە.

 

بەپێی ئاگادارییەکی پەیمانگاکە، بڕیارەکە لە ١٥ی ئەیلوولەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئێستا منداڵانی کچی سەرووی تەمەنی دیاریکراو ناونوسینیا  قەدەغە کراوە، دایک و باوکانیش ڕێنمایی کراون کە ناردنیان ڕابگرن، لە ئاگادارییەکەدا ڕوونکراوەتەوە، کە ئەو ڕێوشوێنە بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی بەشی پەروەردەی تەکنیکی و پیشەیی تاڵیبان جێبەجێ کراوە.

 

ئەم سنووردارکردنە بە تایبەتی گرنگە چونکە سنووری تەمەنی نوێ ١٢ ساڵە نەک تەواوکردنی پۆلی شەشەم، ئەمەش بەو واتایەیە ئەو منداڵە کچانەی کە قۆناغی سەرەتایییان تەواو نەکردووە، دەتوانرێت ڕێگرییان لێ بکرێت لە ناو تۆمارکردن لە سەنتەرەکەدا کاتێک دەگەنە تەمەنی دیاریکراو، تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا بڕیارەکە تەنها لە پەیمانگای کابول بۆ نابیستەکان سنووردارە یان بۆ ناوەندەکانی دیکەش جێبەجێ دەکرێت.

 

پەیمانگای کابول بۆ نابیستەکان ناوەندێکی تایبەتمەندە بۆ ڕاهێنانی خوێندکارانی نابیست، کە وانەکان بە بەکارهێنانی زمانی ئاماژە بەڕێوەدەچن، داتاکانی بەشی پەروەردەی تەکنیکی و پیشەیی ئاماژە بەوە دەکەن، کە پەیمانگاکە بەشی پەروەردەی گشتی و پیشەیی لەخۆدەگرێت و سەدان خوێندکار لەوێ لە بوارەکانی وەک وێنەکێشان و گرافیک دیزاین دەخوێنن.

 

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە تاڵیبان، لە دوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٢١، بەردەوام بووە لە ڕێگریکردن لە خوێندنی منداڵانی کچ لە دەرەوەی پۆلی شەشەم و سنووردارکردنی وەرگرتنی ژنان لە زانکۆکان و بەشێک لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا، ئێستا ئەم سنووردارکردنانە مافی منداڵانی کچی خاوەن کەمئەندامی بیستن بۆ خوێندنی تایبەتمەندیش دەگرێتەوە.