ئێران، پێنج ژن لەماوەی هەفتەیەکدا لەلایەن هاوژینەکانیانەوە کوژراون

وڵاتی ئێران یەکێکە لە وڵاتانەی ساڵانە ژمارەیەکی زۆر ڕێژەی کوشتنی تێدا تۆمار دەکرێت، ئەوەش بەهۆی هەبوونی سیستمێکی توندوتیژە بەرامبەر بە ژنان، بە جۆرێک تەنها لە ماوەی یەک هەفتە پێنج ژن کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، پارێزەر "جەلالە شێخی" پاش کوشتنی بە دەستی هاوژینەکەی و سوتاندنی تەرمەکەی، ناڕەزایی زۆر لەو شارەدا بڵاوبووەوە، ڕۆژی ١٢ی حوزەیران، لە پارکی مالۆی شاری سەقز ناڕەزایی و خۆپیشاندان دژ بەو ڕووداوە ڕوویدا بەڵام هەر زوو دەسەڵاتداران خۆپیشاندانەکەیان سەرکوتکرد.

 

ئەو ژنە پارێزەرە تەمەنی ٢٦ ساڵە و دەستگیراندار بووە، بە دڕندانەترین شێوە لەلایەن دەستگیرانەکەیەوە کوژراوە، ڕووداوەکە لە ٨ی حوزەیراندا ڕوویدا، لەگەڵ ئەنجامدانی تاوانەکە ڕاستەوخۆ دەستگیرانەکەی هەڵهاتووە بەرەو شاری ئەستارا، بەڵام دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستی پێکرد.

 

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، هیناگۆ، ڕێبوارانی سەر ڕێگای سنە و سەقز تەرمی ژنە پارێزەر جەلالەیان بە سوتاوی دۆزیوەتەوە.

 

بە پێی هەواڵە میدیاییەکانی بڵاوبووەتەوە لە ماوەی تەنها یەک هەفتەدا، لە شاری سەقز ژنێک بەدەستی هاوژینەکەی کوژراوە، لە شاری ئیلام دوو ژنی دیکە بەدەستی هاوژینەکانیان کوژراون، هەروەها پیاوێک هاوژینەکەی پێشووی و خوشکەکەی کوشتووە.

 

ئەم ڕووداوە یەکەم ڕووداو و دواین ڕووداوی ناو زنجیرە کوشتنەکانی ئێران نییە، بە هۆی هەبوونی دەسەڵاتێکی توندڕە و هەبوونی سیستمێکی توندوتیژ لە وڵاتی ئێران کوشتنی ژنان بەردەوامە.

 

ت.پ