گوڵیزار ڕەشید: ناکرێت بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین ببێتە بارگرانی لەسەر خەڵک

گوڵیزار ڕەشید سندی، ئەندام پەرلەمانی کوردستان، دەربارەی گرانبوونی بەنزین دەڵێت: پێویستە ڕێکاری هاتنی بانزین ئاسان بکرێت و لەسەر هاوڵاتیان نەبێتە بارگرانی.

ناوەندی هەواڵ

 

گوڵیزار ڕەشید سندی، جێگری سەرۆکی لێژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە فەیسبووک دەنووسێت: "ئێمە کە لە پەرلەمان یاسامان دەرکرد بۆ ئەوە نەبوو رێکارەکان ببنە ھۆکاری گران بوونی نرخی بەنزین".

 

گوڵیزار دەربارەی گرانبوونی نرخی بەنزین وەها دەنووسێت: "پێویستە ڕێکارەکانی ھاتنی بەنزین ئاسان بکرێت، ئاسانکاری بۆ سەرجەم بازرگانان بکرێت، ناکرێت بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین ببێتە بارگرانی لەسەر خەڵک، گرفتێکی گەورەیە دەبێت چارەسەری خێرای بۆ بدۆزرێتەوە، ئێمە کە لە پەرلەمان یاسامان دەرکرد بۆ ئەوە نەبوو رێکارەکان ببنە ھۆکاری گرانبوونی نرخی بەنزین و کاتی خۆشی ئەو مەرجەمان دانا".

 

لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەدا هاتووە: گرنگە کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەل لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەت بکەین و ھۆکارەکانی ئەو گرانبوونە دیاری بکرێت و ڕێکاری خێرا بۆ چارەسەر بدۆزرێتەوە.

 

 

ماوەی چەند هەفتەیەکە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین گرفتی لای هاوڵاتیان دروستکردووە، کەریم عەلی، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە کە گرانبوونی بەنزین بەهۆی وەرگرتنی بڕە پارەی جۆراوجۆرە لە دەروازە سنورییەکان و قۆرخکاری هێنانی سوتەمەنییە بۆ چەند کۆمپانیەیەک.

بەنزین بە جۆرێک بەرز بووەتەوە کە لیترێک بەنزینی موحەسەن بە ٧٥٠ دیناری عیراقی و لیترێک نۆرماڵ بە ٧٠٠ دیناری عێراقییە، لە کاتێکدا لە پارێزگاکانی عێراق لیترێک بە ٤٥٠ دینار جێگیر کراوە.

 

ت.پ